ناسا پلانی هەیە گوندێک لەسەر مانگ دروستبکات

دەرکەوتنى مانگ لەپشت سیستمى هەڵدانى کەشتى ئاسمانى ناسا لە ولایەتى فلۆریدا لە ئەمریکا. فۆتۆ: AP
دەرکەوتنى مانگ لەپشت سیستمى هەڵدانى کەشتى ئاسمانى ناسا لە ولایەتى فلۆریدا لە ئەمریکا. فۆتۆ: AP

شۆن دافی، بەڕێوەبەری ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا، ناسراو بە "ناسا"، ئاشکرایکرد ئاژانسەکە پلانی هەیە تاوەکو ساڵی 2035، گوندێکی تەواو لەسەر مانگ دروستبکات.

"تەنیا وێستگەیەک نابێت بەڵکو گوندێک دەبێت"

دافی پلانەکانی ناسای بۆ 10 ساڵی داهاتوو، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ سەرکردەی ئاژانسەکانی بۆشایی ئاسمان، لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی فڕۆکەوانی ئاشکراکرد کە لە 29ـی ئەیلول تاوەکو 3ـی تشرینی یەکەم، لە سیدنی لە ئوسترالیا بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی، دەفی رایگەیاندووە: "ئێمە ژیانێکی بەردەوام لەسەر مانگ دادەمەزرێنین، تەنیا وێستگەیەک نابێت بەڵکو گوندێک دەبێت."

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ناسا دەتوانێت ژیانی مرۆڤ لەسەر رووی مانگ دابمەزرێنێت و بەردەوامی پێبدات.

ناسا کەشتیوانەکانی رەوانەی سەر مانگ دەکات

ئاژانسەکە پلانی هەیە لە ناوەڕاستی ساڵی 2027، ئەرکی "ئارتیمیس-3" بکات، بۆ نیشتنەوەی دوو کەشتیوانی ئاسمانی لە نزیک جەمسەری باشووری مانگ، لە ئەرکێکدا کە حەوت رۆژ دەخایەنێت.

ئامانج لە پرۆگرامی ئارتیمیسی ناسا، کۆکردنەوەی داتای جیۆلۆجی و لێکۆڵینەوەیە لە بارودۆخی دەوروبەری جەمسەری باشوور، بۆ دروستکردنی بنکەیەکی هەمیشەیی لەسەر رووی مانگ.