ئەکتەرێکی ژیریی دەستکرد هۆڵیوود تووڕە دەکات

تیلی نۆروود، ئەکتەری دروستکراو بە ژیریی دەستکرد
تیلی نۆروود، ئەکتەری دروستکراو بە ژیریی دەستکرد

ئەکتەرێکی نوێ کە بە ژیریی دەستکرد پەرەی پێدراوە، شەپۆلێکی تووڕەیی لە نێو ئەکتەرانی هۆڵیووددا دەستیپێکردووە.

"سکارلێت جۆهانسنی داهاتوو"

خانمە ئەکتەرەکە ناوی تیلی نۆروودە و لەلایەن ستۆدیۆکانی شیکۆباوە دیزاین کراوە، بەو ئامانجەی ببێتە "سکارلێت جۆهانسن یان ناتالی پۆرتمانی داهاتوو".

هەفتەی رابردوو، دامەزرێنەری کۆمپانیاکە، ئاشکرای کرد چەندین دەزگا دەستیانکردووە بە کێبڕکێ بۆ گرێبەست لەگەڵ خانمە ئەکتەرەکە.

ئەمەش بووە هۆی زیندووکردنەوەی ترسی ئەوەی ژیریی دەستکرد جێگەی هونەرمەندان بگرێتەوە، کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مانگرتنە جەماوەرییەکانی ساڵی 2023 کە هۆڵیوودی ئیفلیج کرد.

"چ شتێکی خراپە!"

بەشێک لە ئەکتەرانی هۆڵیوود بۆ دەربڕینی بیروبۆچوونەکانیان پەنایان بردە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، میلیسا بارێرا، ئەستێرەی فیلمە ترسناکەکانی "سکریم" و "سکریم 6" لە ئینستاگرام نووسیوویەتی "هیوادارم هەموو ئەو ئەکتەرانەی گرێبەستیان لەگەڵ ئەو دەزگایە کردووە واز لە خزمەتگوزارییەکانی بهێنن. چ شتێکی خراپە!".

مارا ویڵسن کە رۆڵی ماتیلدا دەگێڕێت دەڵێت: "شەرمە بۆ ئەم خەڵکە، ئەوان دەموچاوی سەدان ژنی گەنجیان دزیوە بۆ دروستکردنی ئەم ئەکتەرە، ئەوان دروستکەر نین، بەڵکو دزی ناسنامەن."

"تیلی نۆروود جێگرەوەی مرۆڤ نییە"

رەخنەکان کۆمپانیاکەی ناچارکرد بە وەڵامدانەوە و خاوەنەکەی لە ئینستاگرامەوە رایگەیاند:"تیلی نۆروود جێگرەوەی مرۆڤ نییە، تەنیا کارێکی داهێنەرانەیە".

هەروەها گوتی :"هەروەک چۆن ئەنیمەیشن، نمایشی بووکەشووشە و کاریگەرییە تایبەتەکان ئاسۆیەکی نوێیان کردەوە بەبێ ئەوەی لە نمایشی راستەوخۆ کەم بکەنەوە، ژیریی دەستکردیش رێگایەکی دیکە بۆ خەیاڵکردن و دروستکردنی چیرۆک پێشکەش دەکات."

رۆژ بە رۆژ بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد، لە پیشەسازی بەرهەمهینانی فیلمەکان و کارە هونەرییەکاندا زیاددەکات، هەموو جارێکیش مشتومڕی لێدەکەوێتەوە.