ژیریی دەستکردی گوگڵ پرسیاری تەندروستیی ترەمپ وەڵام ناداتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

گەڕانی ژیریی دەستکردی گوگڵ، کاتێک پرسیاری پەیوەندیدار بە تەندروستیی دەروونی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاى لێدەکرێت، وەڵام ناداتەوە، لەکاتێکدا بۆ سەرۆکەکانی دیکە بەبێ کێشە وەڵام دەداتەوە.

ئایا ترەمپ تووشی خەڵەفان بووە؟

کاتێک پرسیار لە بزوێنەری گەڕانەکە دەکرێت ئایا ترەمپ تووشی "بیرچوونەوە" خەڵەفان بووە؟ لەجیاتی پیشاندانی وەڵامێکی کۆکراوەی ژیریی دەستکرد، بزوێنەرەکە 10 لینکی پەیوەست بە بابەتەکە پێشکەش دەکات.

ژیرییە دەستکردەکە دەنووسێت، بەردەست نییە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، ئەم دۆخە لەگەڵ هەموو ئەو پرسیارانەدا دووبارە دەبێتەوە کە پەیوەندیدارە بە تەندروستیی دەروونی ترەمپ، وەکو ئاڵزەهایمەر و بیرچوونەوە یاخود خەڵەفان و نەخۆشییە دەروونییەکانی دیکە.

بەڵام کاتێک لەبارەی سەرۆکەکانی دیکەی وەکو باراک ئۆباما پرسیاری لێدەکرێت، ئەنجامەکان بە تەواوی جیاوازە و وەڵامێکی روون پێشکەشی بەکارهێنەر دەکات.

هەندێجار ژیریی دەستکرد زانیاریی هەڵە دەدات

ماڵپەڕی زە ڤێرج، تایبەت بە تەکنەلۆجیا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، میدیاکان رووماڵی چڕی باری دەروونی ترەمپ و بایدن دەکەن، بەو پێیەی بەتەمەنترین سەرۆکەکانی ئەمریکان، هەربۆیە لەوانەیە کۆمپانیاکە هەست بە نیگەرانی بکات سەبارەت بە دابینکردنی زانیاریی دروست لەسەر ئەم بابەتە هەستیارە، لە کاتێکدا کە ژیریی دەستکرد هەندێجار زانیاریی هەڵە بە بەکارهێنەر دەدات.

گوگڵ هۆکاری ئەم کارەی رووننەکردووەتەوە و دەیڤس تۆمپسۆن، گوتەبێژی کۆمپانیاکە، بە ئاماژە بە چەند بەڵگەنامەیەکی تایبەت، دەڵێت لەوانەیە بزوێنەری گەڕانی ژیریی دەستکرد لەگەڵ هەموو پرسیار و گەڕانەکاندا کار نەکات.