سێ زیندانیکراوی دۆسییەی نارین گوران ئازادکران

نارین گۆرانی تەمەن 8 ساڵ
نارین گۆرانی تەمەن 8 ساڵ

سێ کەس کە لەسەر دۆسییەی کوشتنی نارین گوران زیندانیکراوبوون و ئەندامی بنەماڵەکەى بوون، بە بڕیاری دادگا، ئازادکران.

رۆژی 21ـی ئابی 2024، نارین گورانی تەمەن هەشت ساڵ، دواى گەڕانەوەی لە کۆرسی قورئانخوێندن، لە گوندی چولی سەر بە شارۆچکەی رەزان لە پارێزگاى دیاربەکر، بێسەروشوێنبوو.

پاش 19 رۆژ، تەرمی نارین لە قەراغ ئاوێکی نزیک لە ماڵی خۆیان دۆزرایەوە و لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکە دەستیپێکرد.

 دایک و مام و برایەکی نارین سزای هەتاهەتایی دراون

پەیوەست بە رووداوەکە، زۆربەی ئەندامانی خێزانەکەی نارین دەستگیرکران و دادگای دیاربەکر لە 29ـی کانوونی یەکەمی 2024، سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی قورسکراوی بەسەر دایک و مام و براکەی ناریندا سەپاند.

نەوزاد بەختیار یەکێک لە تۆمەتبارەکان بوو کە تەرمەکەی نارینی شاردبووەوە، بە چوار ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزادرا.

سێ ئازادکراوەکە تۆمەتی شاردنەوەی تاوانەکەیان درابووە پاڵ

دادگاکە بە تۆمەتی شاردنەوەی تاوانەکە، سزای سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەر سێ کەسی دیکەی بنەماڵەکەدا سەپاند کە هەریەک لە بیرسەن گوران، فوئاد گوران و ماشەڵا گوران بوون، بەڵام رۆژی پێنجشەممە، دادگای هەرێمیی دیاربەکر، بڕیاری ئازادکردنی بۆ ئەو سێ سزادراوە دەرکرد.

لەئێستادا جگە لە دایک، مام و برایەکى و ئەو کەسەى تەرمەکەى نارینى شاردووەتەوە، هیچ کەسێک لەسەر دۆسیەى کوشتنى نارینى هەشت ساڵ لە زینداندا نەماوەتەوە.