خانمە ئەکتەرێکی ژیریی دەستکرد بەرهەمهێنەرانی ترساندووە
خانمە ئەکتەرێکی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد، ناوەندە هونەرییەکانی بواری بەرهەمهێنانی سینەمای نیگەران کردووە و بە هەڵکشانێکی مەترسیدار و تۆقێنەر ناوی دەبەن.
ناوی تیڵی نۆروودە
تیڵی نۆروود، خانمە ئەکتەرێکی نوێیە، سەرنجڕاکێشە و هەمووان باسی دەکەن، جیاوازیی ئەم ئەکتەرە لەوەدایە، مرۆڤی راستەقینە نییە و بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە.

لە زیورخ ناسێنرا
نۆروود، لەمیانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی فیلمی زیورخ لە سویسرا خرایە روو، لەلایەن ستۆدیۆی "Particle6" بەرهەمهێنراوە، سەرنجی زۆرینەی بەشداربووانی راکێشا و بۆچوونەکان لەسەری جیاواز بوون.

سەندیکاکان سەرکۆنەی دەکەن
چەند سەندیکایەکی گەورەی ئەمریکی، لەوانە ساگ ئافترا و ئیکویتی، هەر زوو سەرکۆنەی ئەم دەرکەوتنەیان کرد، جەختیان لەوە کردەوە؛ دروستکردنی ئەکتەر لەڕێگەی ژیریی دەستکردەوە، بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت بووە و مەترسیدارە.

مەترسییە بۆسەر پیشەکان
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە، هونەرمەندانی ئەمریکا جەخت لە سنووردارکردنی توانای ژیریی دەستکرد دەکەنەوە لە بەرهەمهێنانی تەلەڤیزیۆنیی و سینەماییدا، ترسەکەیان بۆ بەهێزبوونی توانای ژیریی دەستکردە، کە راستەوخۆ ببێت بە جێگرەوەی ئەکتەرە راستەقینەکان و قەیرانی بێکاریی لە کەرتی سینەمای جیهانییدا بێنێتە ئاراوە.

04/10/2025