لە شنگال ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە جلوبەرگی ئێزدییەکان بەڕێوەچوو

کەناڵ8 04/10/2025

لە ڕێوڕەسمەکەدا جلوبەرگە کلتورییە ڕەسەنەکانی تایبەت بە ئێزدییەکان نمایشکرا و سەرپەرشتیارانیش ڕایانگەیاند کە ئامانجیان ناساندن و پاراستنی کلتوری ئێزدییەکانە.

نمایشی جلوبەرگە ڕەسەنەکان

لە قەزای شنگال، ئێزدییەکان ڕێوڕەسمێکی تایبەتیان بۆ نمایشکردنی جلوبەرگە کلتورییەکانیان ڕێکخست. لە چالاکییەکەدا، گروپێک لە کچ و کوڕانی ئێزدی بە جلوبەرگە کۆن و ڕەسەنەکانیانەوە بەرەو مەزارگەی شەرەفەدین بەڕێکەوتن و نمایشیان ئەنجامدا. ئامانج لەم کارە ناساندنی ئەو جلوبەرگانە بوو کە پێشتر لەلایەن ئێزدییەکانەوە لەبەرکراون، هەروەها پاراستنی کلتورەکەیانە بۆ نەوەکانی داهاتوو.

گروپی "خزمەتکارانی خاتونا فەخران"

چالاکییەکە لەلایەن "گروپی خزمەتکارانی خاتونا فەخران"ـەوە ڕێکخرابوو، کە لە 50 کچ و کوڕی ئێزدی پێکهاتووە. ئەم گروپە حەوت جۆر جلوبەرگی کەڤن و ڕەسەنی ئێزدییەکانیان نمایش کرد، کە هی ناوچە جیاوازەکانی وەک تورکیا، ڕووسیا، جۆرجیا، سوریا، ئەرمینیا، وڵات شێخ و شنگال بوون.

پاراستنی کلتور لەدوای 74 فەرمان

بسام جەمیل، سەرپەرشتیاری گروپەکە ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئێزدییەکان لە مێژوودا ڕووبەڕووی 74 فەرمان (کۆمەڵکوژی) بوونەتەوە، مەترسی لەناوچوون لەسەر بەشێکی زۆری کلتورەکەیان، بەتایبەت جلوبەرگەکان، دروست بووە. بۆیە لە ڕێگەی ئەم جۆرە چالاکییانەوە هەوڵی پاراستنی دەدەن.

جێگای ئاماژەیە، ساڵانە لە ڕۆژی 3ی تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر) ئەم جۆرە چالاکییە بەڕێوەدەچێت، کە وەک "ڕۆژی جلوبەرگی ئێزدی" دەستنیشان کراوە.

کەناڵ8

04/10/2025