لیستێکی نوێ بۆ وەرگرتنى زەوى دەنێردرێتە ئەنجوومەنى وەزیران؛ 5 هەزار ناوی تیادایە

ژمارەیەک پارچە زەویی ئامادەکراو بۆ دابەشکردن
ژمارەیەک پارچە زەویی ئامادەکراو بۆ دابەشکردن

لیژنەى دابەشکردنى زەویی فەرمانبەران لە وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار بە کەناڵ8ـی راگەیاند، سبەى لیستێکى پێنج هەزار کەسى بۆ ئەنجوونى وەزیران بەرزدەکرێتەوە و هەفتەى رابردووش بە هەمانشێوەی لیستێکى شەش هەزار کەسى بەرزکراوەتەوە بۆ ئەنجوومەنى وەزیران، کە زۆرینەیان لە خانەنشینان و پێشمەرگە پێکهاتوون.

زەوی بە 474 هەزار کەس دەدرێت

سەربەست مەولود سەرۆکى لیژنەی دابەشکردنی زەویی فەرمانبەران لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەکە لە قۆناغى کۆتایی نزیکبووەتەوە و تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنى وەزیران رەزامەندیی نیشانداوە بە پێدانى زەوى بە زیاتر لە 474 هەزار کەس.

درەنگ کەوتوون لە ناردنی ناوەکاندا

سەرۆکى لیژنەى دابەشکردنى زەوى باسی لەوەشکرد، هەندێک لە وەزارەت و دامودەزگاکان درەنگ کەوتوون لە ناردنى لیستى ناوەکان بەتایبەت وەزارەتى پێشمەرگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانى خانەنشینى.

"پێویستە شارەوانییەکان زەوییان بۆ دابینبکەن"

ئەنجوومەنى وەزیران لە کۆتایی مانگى ئازارى ساڵى رابردوو بڕیاریدا سەرجەم فەرمانبەران و ئەو خانەنشینانەى لەکاتى خزمەتى فەرمانبەرییان زەوییان پێنەدراوە پارچەیەک زەوییان پێبدرێت، ئێستا پرۆسەکە لە وەزارەتى شارەوانى و ئەنجوومەنى وەزیران لە قۆناغى کۆتاییدایە، ناوى سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان بەگوێرەى کارتى زانیارییەکانیان دەگەڕێندرێتەوە شارەوانییەکەى سنوورى خۆیان و پێویستە شارەوانییەکان زەوییان بۆ دابینبکەن.

لە هەولێر و دەورووبەری 72 هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە

دابەشکردنى زەوى بەگوێرەى پارێزگاکان بەم جۆرەیە؛ لە سنوورى سەرۆکایەتیى شارەوانیى هەولێر، لە قۆناغى یەکەم 3 هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە و لە قۆناغى دووەمیش نزیکەى، 14 هەزار پارچە زەوی دابەشکرا، کۆی گشتیى ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەى کە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی لە سنوورى سەرۆکایەتیى شارەوانیى هەولێر (60 هەزار) فەرمانبەرە. هەروەها لە بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی شارەوانییەکانى هەولێر- شارەوانى دەوورووبەرى هەولێر، 12 هەزار پارچە زەوى دابەشکراوە.

لە سلێمانی بە 60 هەزار فەرمانبەر زەوی دەدرێت

بەگوێرەى بەدواداچوونێکى کەناڵ8، لە سلێمانى زیاتر لە 60 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین مافى وەرگرتنى زەوییان هەیە و لەو ژمارەیە 1700 فەرمانبەر لە قۆناغى یەکەم و زیاتر لە 17هەزار و 800 فەرمانبەریش لە قۆناغى دووەم زەوییان پێدراوە.

لە گەرمیان 17 هەزار پارچە زەوی دابەش دەکرێت

لە ئیدارەى گەرمیان ئامادەکارى کراوە بۆ پێدانى نزیکەى 17 هەزار پارچە زەوى بە فەرمانبەران و خانەنشینان.

لە دهۆک و هەڵەبجە زەوی بە فەرمانبەران نەدراوە

لە پارێزگاکانى دهۆک و هەڵەبجە جگە لە کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان هیچ فەرمانبەر و خانەنشینێک تاوەکو ئێستا زەوییان پێنەدراوە.