پلانی ترەمپ حکومەتی ئیسرائیلی هەژاند

بەشێک لە وەزیرەکانی کابینەی ئیسرائیل هەڕەشەی کشانەوە دەکەن
بەشێک لە وەزیرەکانی کابینەی ئیسرائیل هەڕەشەی کشانەوە دەکەن

پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە، بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی سیاسیی قووڵ لەناو حکومەتی ئیسرائیلدا. ئیتمار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی، هەڕەشەی کشانەوە لە حکومەت دەکات ئەگەر بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیران بە کشانەوەی تەواوەتی لە غەززە رازی بێت.

شەڕە قسە لە کۆبوونەوەی دوو کاتژمێریدا

بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەیەکی دوو کاتژمێریدا، ناکۆکی و شەڕە قسەی توند لەنێوان نەتانیاهوو و بن غەفیردا لەبارەی پلانەکەی ترەمپەوە روویداوە. بن غەفیر، کە بە هەڵوێستە توندڕەوەکانی ناسراوە، بە توندی دژی هەر رێککەوتنێکە کە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگ و مانەوەی بزووتنەوەی حەماس.

هەڕەشەی کشانەوە

ماڵپەڕی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" بڵاویکردووەتەوە، بن غەفیر، کە سەرۆکی پارتی "عوتسما یهودیت"ـە، هەڕەشەی کشانەوەی خۆی و پارتەکەی لە حکومەت کردووە، ئەگەر بێت و ئیسرائیل بە تەواوی لە کەرتی غەززە بکشێتەوە و بزووتنەوەی حەماس لەوێ بوونی بمێنێت.

وەزیرێکی دیکەش ناڕازییە

هەر بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، بێزالێل سمۆتریچ، وەزیری داراییش، کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربووە، بە نەتانیاهووی گوتووە "هەڵەیەکی گەورەت کردووە" کاتێک رەزامەندیت لەسەر راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە غەززەداوە.

وەڵامی نەتانیاهوو

سەرەڕای فشارەکان، وا دیارە نەتانیاهوو بەردەوامە لەسەر تاوتوێکردنی پلانەکە. دوێنێ رایگەیاند: "حەماس بە رێککەوتن یان بە هێزی سەربازی، دەبێت دەستبەرداری چەکەکانی بێت". هەروەها ئاشکرای کرد کە فەرمانی بە شاندی دانوستانکاری ئیسرائیلی لە میسر کردووە تاوتوێی پلانەکەی ترەمپ لەگەڵ حەماسدا بکەن.