وردەکاریی تەواوی تیشێرتەکانی ژیتەم و تۆرۆسە سپییەکان لە تورکیا؛ دەیان هەزار تاوانی دژ بە کورد
لە ماڵپەڕەکانی تایبەت بە بازاڕکردنی ئۆنڵاین لە تورکیا، ژمارەیەک تیشێرت بە لۆگۆ، نووسین و وێنەی رووداوە بکەرنادیارەکان بەرهەمهێندراون و دەفرۆشرێن. لە دوو بەناوبانگترین ماڵپەڕەکانی بازاڕکردنی ئۆنڵاین، کە هەریەک لە ترێندیۆڵ و هەپسیبورادا-ن، ژمارەیەک تیشێرتی جۆراوجۆر بەرهەمهێنراون و بۆ فرۆشتن دانراون کە سیمبولی هەزاران تاوانی بکەرنادیارن دژی هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان و بێسەروشوێنکردنیان.
تیشێرتەکان بە داشکاندنەوە دەفرۆشران
تیشێرتەکان کە بە نرخی هەرزان و داشکێندراو بۆ فرۆشتن پێشکەشکراون، رەنگیان رەش و سپییە. لە یەکێکیاندا لەسەر بەشی پێشەوە، بە فۆنتی قەبارە گەورە نووسراوە ژیتەم و لەسەریەوە ئۆتۆمبێلێک لە جۆری تۆرۆسی سپی و لەسەروو ئەوەشەوە ئاماژەیەکی گورگەبۆرەکان دانراوە.
ئاماژە بە 17 هەزار کەسی بێسەرشوێنکراوی کورد
لە تیشێرتێکی دیکەدا، جگە لە لۆگۆی گورگێک، تۆرۆسێکی سپی دانراوە و نووسراوە "17 هەزار کەس چۆن لە تۆرۆسێکدا جێگەیان دەبێتەوە؟".
پرۆسەی ئاشتی
ماوەی ساڵێکە پرۆسەیەکی ئاشتی لە تورکیا درێژەی هەیە کە ئەنقەرە بە تورکیای بێتیرۆر ناویدەبات و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی پەرلەمانیی بەناوی لیژنەی "هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" پێکهێنراوە و تاوەکو ئێستا 13 کۆبوونەوەی گرێداوە.
تۆرۆسێکی سپی سوتێنرا
لەگەڵ بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەکە لە پەرلەمانی تورکیا، کەسێک لەبەردەم دەروازەی پەرلەمان تۆرۆسێکی سپی ئاگر تێبەردا.
پێشینەی تۆرۆسی سپی
ئۆتۆمبێلی جۆری تۆرۆس لە براندی رینۆ، لەنێو هاونیشتمانییانی باکووری کورستاندا سیمبولی تاوانە بکەرنادیارەکان و تاوانەکانی رفاندنە بەتایبەت لە کۆتایی 80کان بەدواوە و قوربانییانی دەیان هەزار کەسن.
ژیتەم چییە؟
ژیتەم کە کورتکراوەی هەواڵگریی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە لەلایەن جەندرمەوە، ئەمجۆرە ئۆتۆمبێلەی لە شارەکانی باکووری کوردستان بەکاردەهێنا.
سەرەڕای ئەوەی دامەزراوەکان و حکومەتەکانی تورکیا رەتیانکردەوە، دەزگایەک بەناوی ژیتەم هەبێت، بەڵام داوکاری گشتیی ئەنقەرە لە 2011دا ئاماژەی بەوەکرد، بێ وەرگرتنی رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا، فەرماندەیی گشتیی جەندرمە بڕیاری پێکهێنانی ژیتەمی داوە.
ئەردۆغان باسی هەڵەکانی دەوڵەتی کرد
لەدوا گوتەیدا لەوبارەیەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا باسی لەو هەڵانە کرد کە دەوڵەتی تورکیا دژی هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان ئەنجامدراوە و گوتی: "تۆرۆسە سپییەکان، تاوانە بکەرنادیارەکان و رووداوەکانی گرتووخانەی دیاربەکر یەکێک بوون لەو هەڵانەی دەوڵەت و حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان ئەنجامیانداوە".
کاردانەوەکان بەرامبەر فرۆشتنی تیشێرتەکان فراوان بوون
پاش ئەوەی دوو ماڵپەڕی بەناوبانگی بازاڕکردنی ئۆنڵاین لە تورکیا تیشێرتیان بە سیمبولی تاوانە بکەرنادیارەکان و تۆرۆسە سپییەکان بۆ فرۆشتن دانا، سیاسەتمەدار و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا کاردانەوەی توندیان نیشاندا.
میرئۆغڵو: مەبەست لەم کارە لەباربردنی پرۆسەی ئاشتییە
ئۆرهان میرئۆغڵو، پەرلەمانتاری خولی پێشووی ئاک پارتی، لێکۆڵەر و نووسەر لەرێگەی هەژمارەی خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نووسیویەتی: "تاکە ئامانجی ئەو کارەی بەردەوام لەرێگەی ئەم سیمبولانەوە بیری کورد دەخرێتەوە، بریتییە لە تێکدان و لەباربردنی ئەو پرۆسەیەی هەیە".
هەروەها دەڵێت: "دانانی تیشێرتێک کە ناوی ژیتەمی لەسەرە بۆ فرۆشتن و بێدەنگی سەرۆک و ئەندامانی ئەو لیژنە پەرلەمانییەی بۆ پرۆسەکە پێکهێنراون، هەروەها بێکرداریی دادوەران، مایەی قبوڵکردن نییە".
ئۆرهان میرئۆغڵو نووسیویەتی: "لە کاتێکدا تورکیا دەیەوێت بڵێت 'جارێکی دیکە هەرگیز رێگە نادەین' بەڵام کەسانێک پەیامی 'ئەگەر پێویست بێت لەوە خراپتر دەکەین کە پێشتر کراوە' بڵاودەکەنەوە".
کۆمەڵەی مافی مرۆڤ: دەبێت داوای لێبوردن لە کەسوکاری قوربانییان بکرێت
هاوکات کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە تورکیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە: "تۆرۆسی سپی سیمبولی تاوانە بکەرنادیارەکان و بێسەروشوێنکراوەکانە، ناکرێت بازاڕگەرمیی بۆ بکرێت".
دەشڵێت: "ئەم جۆرە بەرهەمانە، بە بازرگانییکردنی ئازاری هەزاران کەس و رەوایەتیدانە بە تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی".
کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە تورکیا داوایکردووە، تیشێرتەکان لەسەر وێبسایتەکان لابدرێن و ماڵپەڕەکانی بازاڕکردنی ئۆنڵاین بە ئاشکرا داوای لێبوردن لە کەسوکاری قوربانییان بکەن.
لە وان سکاڵا لە دژی لۆگۆی ژیتەم و تۆرۆسی سپی تۆمار کرا
لە وان سکاڵا لەسەر ئەو ماڵپەڕە تۆمارکرا کە تیشێرتی بە سیمبولی ژیتەم و تۆرۆسە سپییەکان دانابوو بۆ فرۆشتن. ژووری پارێزەرانی وان، سکاڵای یاسایی لەسەر کۆمپانیای ترێندیۆڵ تۆمارکرد بەهۆی ئەوەی ماڵپەڕەکەی ژمارەیەک تیشێرتی بە نووسین و لۆگۆ و وێنەی ژیتەم و تۆرۆسە سپییەکان بۆ فرۆشتن دانابوو.
"رق و جیاکاری بڵاودەکەنەوە"
ژووری پارێزەرانی وان لە سکاڵاکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو تیشێرتانە تاوانئامێزن و تیایاندا "پەسنی تاوان و تاوانبار کراوە"، "رق و جیاکاری بڵاودەکەنەوە" و "هانی خەڵک دەدەن بۆ رق، دوژمنایەتی و سوکایەتیکردن".
سیمبولی بێسەروشوێنکردن و بکەر نادیار
هەروەها لە سکاڵاکەدا باس لەوەکراوە، تۆرۆسە سپییەکان بوونەتە سیمبولی بێسەروشوێنکردن و تاوانە بکەرنادیارەکان لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان لە ساڵی 90ەکاندا و فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە نەک ئەخلاقی نییە، بەڵکو لەڕووی یاساییشەوە پێشێلکاریی زەقە.
هیچ روونکردنەوەیەک بڵاونەکراوەتەوە
لە هەریەک لە ماڵپەڕەکانی ترێندیۆڵ و هەپسیبورادا، کە دوو بەناوبانگترین سەکۆی بازاڕکردنی ئۆنڵاینن لە تورکیا، ژمارەیەک تیشێرتیان بە نووسین و لۆگۆ و وێنەی ژیتەم و تۆرۆسە سپییەکان بۆ فرۆشتن دانابوو. دوای کاردانەوەکان، بەرهەمەکانیان لاداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
06/10/2025