زانایەکی ئەمریکی: 50 هەزار ساڵ لەمەوبەر مرۆڤ لەسەر مانگ ژیاوە

گرێگ برادن، زانای جیۆلۆجی و نووسەری ئەمریکی
گرێگ برادن، زانای جیۆلۆجی و نووسەری ئەمریکی

مانگ، تەنە درەوشاوەکەی ئاسمان، لەکاتێکدا هەندێک تەنیا وەکو تەنێکی بێدەنگ لە بۆشایی ئاسماندا دەیبینن، بەڵام هەندێکی دیکە بۆچوونیان وایە نهێنی شاراوەی رابردووی مرۆڤی هەڵگرتووە.

شارێکی ونبوو لەسەر مانگ

بانگەشەیەک لە ئەمریکا بووەتە جێگەی مشتومڕ، زانایەکی جیۆلۆجی ئەمریکی، باس لە شارێکی ونبوو و شارستانییەتێکی مرۆڤایەتیی کۆن دەکات کە بڕوای وایە 50 هەزار ساڵ لەمەوبەر، لەسەر مانگ گەشەی کردبێت.

گرێگ برادن، زانای جیۆلۆجی و نووسەری ئەمریکی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ جۆ رۆگنی رۆژنامەوان وتی، ئەمریکا و رووسیا، لەکاتی جەنگی ساردەوە، بەڵگەی هەبوونی شارێکی کۆنیان لەسەر مانگ شاردووەتەوە، لە کاتێکدا چین و هیندستان پلانیان هەیە لە پەخشی راستەوخۆدا، لە ئەرکەکانی داهاتوویان بۆ سەر مانگ، راستییەکان بۆ جیهان ئاشکرا بکەن.

"خۆمان بە جەنگ لەناوبردووە"

برادن پێی وایە ئەرکەکانی داهاتوو بۆ سەر مانگ، ئەو شوێنەوارانە ئاشکرا دەکەن کە بە زمانێک هەڵکۆڵراون مرۆڤ دەتوانێت بیناسێتەوە، ئەو دەڵێت: "بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەوان یەکێک بوون لە ئێمە، لە سووڕی شارستانیەتی رابردوودا کە تێیدا گەیشتووینەتە لوتکەی پێشکەوتن، پێش ئەوەی خۆمان بە جەنگ لەناوببەین، هەروەکو ئەوەی ئەمڕۆ دووبارەی دەکەینەوە".

ناسا وەڵامدەداتەوە

داتا زانستییەکانی ئێستا، لەوانە نموونەی مانگ و وێنەکانی ناسا، هیچ بەڵگەیەک پیشان نادەن لەسەر شوێنەوار یان نووسین لەسەر رووی مانگ.

سەرەڕای ئەمە، برادن ئاماژەی بە وێنەکانی ئەرکی "کلێمنتاین" کرد و وتی کە هەندێک شت پیشان دەدەن لە سروشتدا روونادەن، بە بۆچوونی ئەو ئاماژەن بۆ ئەوەی لەلایەن مرۆڤەوە دروستکراون.

بەڵام ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ناسا، ئەم بانگەشانەی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، وێنەکان دروستکراوی سروشتن و شوێنەواری مرۆڤ نین.

"نیل ئارمسترۆنگ تەنێکی نامۆی بینیوە"

برادن لە هەندێک لە بانگەشەکانیدا، پشت بە راپۆرتی پشتڕاستنەکراوی کەشتیوانە ئاسمانییەکان دەبەستێت، کە دەڵێن لە کاتی ئەرکەکانی ئەپۆلۆدا، پێکهاتە و هەڵکۆڵینی نادیاریان لەسەر مانگ بینیوە.

برادن لە یەکێک لە کتێبەکانیدا بانگەشەی ئەوە دەکات، نیل ئارمسترۆنگ و بەز ئاڵدرین، کە یەکەم مرۆڤ بوون بچنە سەر مانگ، لە کاتی ئەرکی ئەپۆلۆ 11، لە ساڵی 1969، تەنێکی کانزایی گەورەی نامۆیان بینیوە، پێش ئەوەی ناسا لەناکاو پەیوەندییەکەیان بپچڕێنێت.

برادن ئەوەشی خستەڕوو، هەندێک لەو کەشتیوانە ئاسمانییانەی بەشداری ئەو ئەرکانە دەکەن، نهێنیەکانیان تاوەکو مردن پاراستووە، ئەو دەڵێت:"تۆمار و ڤیدیۆی راستەقینە هەن، هێشتا ئاشکرا نەکراون".