کارەبای سلێمانی: قەرزە کۆنەکان لە پرۆژەی رووناکیدا وەک خۆیان دەمێننەوە
بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، کرێی کارەبای مانگەکانی پێش جێبەجێکردنی پرۆژەی رووناکی وەک خۆی دەمێنێتەوە و لە پسوڵەی نوێدا خانەی تایبەت بە قەرزی کۆن و نوێ جیاکراوەتەوە، هاوکات دڵنیایی دەدات کە هەموو هاوبەشانی پرۆژەکە 50% داشکاندنیان بۆ دەکرێت.
میکانیزمی پسوڵەی نوێ
لە روونکردنەوەیەکدا، کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، لە پسوڵەی نوێدا بەشێک بە ناوی "قەرزی نوێ" هەیە، کە تایبەتە بەو کرێیەی پرۆژەی رووناکی کە لە کاتی خۆیدا نادرێت و دەخرێتە سەر پسوڵەی مانگی داهاتوو. سەبارەت بەو هاوبەشانەی قەرزی کەڵەکەبووی پێشوویان لەسەرە، پارەکەیان لە بەشی "قەرزی کۆن"دا دەنوسرێت و دەخرێتە سەر کۆی گشتیی پارەی داواکراو.
داشکاندنی 50% هەمووان دەگرێتەوە
ئاکۆ حەمەڕەشید، بەرپرسی فرۆشتنی وزە لە کارەبای سلێمانی، جەختی کردەوە کە هیچ هاوبەشێک لە داشکاندنی سێ مانگی بێبەش نابێت. روونیکردەوە، ئەگەر پسوڵەی هاوبەشێک 45 رۆژ بێت و لەو ماوەیەدا 18 رۆژی کارەبای پرۆژەی رووناکی بێت، ئەوا بۆ ئەو 18 رۆژە 50% داشکاندنی بۆ دەکرێت و بۆ مانگی داهاتوو 12 رۆژی دیکەی داشکاندنی 50%ی بۆ هەژمار دەکرێت.
"هیچ یەکەیەکی زیادە هەژمار ناکرێت"
ئەو بەرپرسەی کارەبا دڵنیایی دا کە "هیچ هاوبەشێکی کارەبا یەکەی زیادەی بۆ هەژمار ناکرێت و هیچ پارەی زیادەی بۆ نایەتەوە." روونیشیکردەوە کە لە پسوڵەی نوێدا "زۆربەی هاوبەشەکان 400 یەکەی یەکەمیان بە 72 دینار نییە، چونکە بەشێکی یەکەی بەکارهێنراویان بە نرخی کۆن بۆ هەژمار دەکرێت."
کاریگەرییەکانی پرۆژەی رووناکی
تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 350 گەڕەک کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە، کە لە ئەنجامدا بووەتە هۆی کوژاندنەوەی زیاتر لە 3,200 مۆلیدەی ئەهلی.
07/10/2025