نەخۆشخانەی هیوا: ئامارەکانی شێرپەنجە لە هەڵکشاندان
نەخۆشخانەی هیوا ئامارێکی نوێی توشبوانی شێرپەنجە بڵاودەکاتەوە کە بەرزبوونەوەی حاڵەتەکان نیشان دەدات، پسپۆڕێکیش هۆکارە سەرەکییەکان دەخاتەڕوو.
تۆمارکردنی زیاتر لە هەزار حاڵەت
تەنها لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا، نەخۆشخانەی هیوا پێشوازی لە زیاتر لە هەزار توشبووی نوێی شێرپەنجە کردووە، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بە زیادبوونی نەخۆشییەکە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو.
شێرپەنجەی مەمک لە پێشەنگدایە
لە نێو توشبووەکاندا، شێرپەنجەی مەمک پشکی شێری بەرکەوتووە و 293 حاڵەتی نوێ تۆمارکراوە، ئەمەش وایکردووە ببێتە باوترین جۆری شێرپەنجە لەم ئامارەدا.
هۆکارەکان چین؟
دکتۆر شاڵاو حەمەعەلی، پسپۆڕی چارەسەری شێرپەنجە، شێوازی ژیانی ناتەندروست بە هۆکاری سەرەکی دەزانێت، لەوانە:
کەمبوونەوەی جوڵە و وەرزش
قەڵەوی و کێشی زیاد
جگەرەکێشان و نێرگەلەکێشان
خواردنەوەی کحول
پشت بەستن بە خواردنی خێرا
چارەسەر لە پشکنینی پێشوەختەدایە
پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە نەبوونی سەنتەری تایبەت بە پشکنینی پێشوەختە، وایکردووە زۆربەی حاڵەتەکان درەنگ دەستنیشان بکرێن. ئەگەر نەخۆشییەکە زووتر بدۆزرێتەوە، رێژەی چاکبوونەوە بە رادەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
08/10/2025