نێچیرڤان بارزانی: قوڵایی ستراتیجیی ئێمە بەغدادە

کەناڵ8 08/10/2025

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە وتارێکیدا لە دیداری مێری، نەخشەرێگای هەرێمی کوردستانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغداد، وڵاتانی دراوسێ و پرسە ناوخۆییەکان خستەڕوو. سەرۆکی هەرێم جەختی کردەوە کە بنەمای بەشداریی کورد لە عێراقی نوێدا فیدراڵیزم بووە و دەستوور تاکە رێگای چارەسەری کێشەکانە.

پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداد؛ دەستوور کلیلی چارەسەرییە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە وردی باسی لە بنەماکانی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغداد کرد و رایگەیاند، دەستووری عێراق کە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ کورد، وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە.

• بنەمای کێشەکان: هۆکاری سەرەکیی کێشەکان لەگەڵ بەغداد بریتییە لە جێبەجێنەکردنی دەستوور. بۆ کەس روون نییە عێراق فیدراڵییە یان نا، چونکە ئەوەی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەیکات، مامەڵەی ناوەندێکی زۆر بەهێزە نەک دەوڵەتێکی فیدراڵی.

• بەغدا قوڵایی ستراتیژییە: قوڵایی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان بەغدادە. بەهێزیی کورد لە بەغداد سەرچاوەی هێزە بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیە دەبێت مۆدێلێک بۆ پێکەوەکارکردنی هێزە کوردستانییەکان لە عێراق بدۆزینەوە.

• چارەسەری: پابەندبوون بە دەستوورەوە دەبێتە هۆی هەبوونی عێراقێکی خۆشگوزەران. دوای هەڵبژاردنی داهاتوو، هیچ پاساوێک بۆ جێبەجێنەکردنی دەستوور نامێنێتەوە. نابێت مووچەش ببێتە کێشە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق.

دۆخی عێراق؛ دیموکراسی هەیە، بەڵام ئاڵنگاریی گەورە لەپێشە

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە پرۆسەیەکی دیموکراسی لە عێراقدا هەیە و جێگەی دەستخۆشییە و عێراق ناگەڕێتەوە بۆ دیکتاتۆری. باسی لە باشتربوونی خزمەتگوزارییەکان لە بەغداد کرد، بەڵام ئاڵنگارییەکانیشی خستەڕوو.

• پێشکەوتنەکان: دۆخی عێراق لە چەند ساڵی رابردوودا باشتر بووە و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران، سەرنجی لەسەر دابینکردنی خزمەتگوزاری بووە. گەورەترین کێشە لە بەغداد جەنجاڵی هاتوچۆیە.

• پێویستیی چاکسازی: دەبێت قۆناخێکی نوێ بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە عێراق دەستپێبکرێت. حکومەتی داهاتوو دەبێت چاکسازی بکات، چونکە لە عێراق دامەزراوەی باش نییە و پێویستە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەهێزبکرێن.

• مەترسیی میلیشیاکان: هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەت مەترسین بۆ سەر عێراق. هێزی چەکدار هەیە درۆن دژی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت و مووچە لە حکومەتی عێراق وەردەگرێت. بەغداد کەمتەرخەم بوو لە وەڵامدانەوەی هێرشە درۆنییەکان. دەبێت ئەو گرووپانە هەموویان بێنە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.

ناوخۆی هەرێمی کوردستان؛ پەیوەندییەکان باشترن و کورد شەڕی ناوخۆیی تێپەڕاندووە

سەبارەت بە رەوشی ناوخۆی هەرێم، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەشبینیی خۆی نیشاندا و جەختی لە یەکڕیزیی لایەنەکان کردەوە.

• پەیوەندیی پارتی و یەکێتی: پەیوەندیی پارتی و یەکێتی زۆر باشترە لە جاران. یەکێتی هاوبەشی سەرەکییە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی بە هاوبەشی سەرەکیی خۆی دەزانێت.

• پێکهێنانی حکومەت: هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان زۆر سەرکەوتوو بوو، بەڵام پێکهێنانی کابینەی نوێ زۆری خایاندووە و لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان وەستاوە. پێموانییە پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت.

•  تێپەڕاندنی شەڕی ناوخۆ: کورد قۆناغی شەڕی ناوخۆی بە یەکجاری تێپەڕاندووە.

پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران و تورکیا؛ لاپەڕەی نوێ و دۆستایەتی

نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت فاکتەری سەقامگیری بێت لە ناوچەکەدا و نایەوێت ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکان. ئێران: هیچ کات نامانەوێت پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران تێکبچێت. دوای سەردانەکەم بۆ تاران و کۆبوونەوەم لەگەڵ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانمان هەڵدرایەوە و پەیوەندییەکانمان باشتربوون.

• تورکیا: پەیوەندییەکی زۆر دۆستانەمان لەگەڵ تورکیا هەیە. تورکیا ئەمجارە زۆر جددییە لە پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی.

پرسی کورد لە تورکیا و سووریا؛ پەیامێک بۆ پەکەکە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە راشکاوی باسی لە رۆڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد و پەیامی ئاڕاستە کردن.

• پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا: پەیامەکانی سەرۆک ئۆجەلان بۆ پرۆسەی ئاشتی زۆر روونن، بەڵام پەکەکە پێچەوانەی پەیامەکانی ئۆجەلان دەجوڵێتەوە. دەبێت پەکەکە هەندێک هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی پرۆسەی چارەسەری بگاتە ئەنجام.

• دۆخی سووریا: پێمان وا نییە سووریا بەشێوەیەکی مەرکەزی بەڕێوەببردرێت. بە ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری سووریام گوتووە، دەبێت کورد لە سووریا خۆی بە خاوەن ماڵ بزانێت.

•  داواکاری لە پەکەکە: دەبێت پەکەکە واز لە رۆژئاوای کوردستان بهێنێت.

کەناڵ8

08/10/2025