پاش 10 ساڵ ژنێک بەهۆی رۆبۆتێکەوە جوڵەی بۆ دەگەڕێتەوە

کڵۆوی ئانگس بەهۆی رۆبۆتێک، پاش 10 ساڵ دەست بە رۆیشتن دەکاتەوە
کڵۆوی ئانگس بەهۆی رۆبۆتێک، پاش 10 ساڵ دەست بە رۆیشتن دەکاتەوە

بە هاوکاری رۆبۆتێک، ژنێک توانی پاش زیاتر لە 10 ساڵ لە لەدەستدانی جووڵە لە قاچەکانیدا بەهۆی گرێیەک لە بڕبڕەی پشتیدا، رێبکات.

"هەرگیز بیرم لەوە نەکردبووەوە رووبدات"

کڵۆوی ئانگس، تەمەن 49 ساڵ دەڵێت:"توانای راوەستان و جووڵە شتێکە کە هەرگیز بیرم لەوە نەکردبووەوە رووبدات".

کڵۆوی لە ساڵی 2015ـەوە، توانای رۆیشتنی بە تەواوی لەدەستداوە، دواتر بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی کەنەدی بەناوی هیومن ئین مۆشن رۆبۆتیکس، دەستیانکرد بە پەرەپێدانی رۆبۆتێک کە توانای جوڵەی بۆ بگەڕێنێتەوە.

ئەم کۆمپانیایە پێکهاتەی رۆبۆتیک دروستدەکات و هاوکاری ئەو کەسانە دەکات کە توانای جوڵەیان لەدەستداوە، ئێستا خاوەنی یەک بەرهەمە و ئەویش ئامێری ئێکسۆمۆشنە، ئەو رۆبۆتەی ئانگس بەکاریهێناوە.

نرخەکەی 250 هەزار دۆلارە

ئێکسۆمۆشن پشت بە 12 بزوێنەر دەبەستێت کە لەناو رۆبۆتەکەدا دابەشکراون، تاوەکو بتوانێت باڵانسی خۆی بکات و هاوشێوەی جوڵەی مرۆڤ بجوڵێت، نرخەکەشی نزیکەی 250 هەزار دۆلارە.

رۆبۆتەکە مەودایەکی فراوان و هەمەجۆری جوڵە بۆ بەکارهێنەران دابین دەکات، لە وەستان و رۆیشتن بۆ پێشەوە و دواوە تاوەکو سوڕانەوە لە شوێنی خۆی، کۆمپانیاکە ئامانجی ئەوەیە تایبەتمەندیی سەرکەوتن بەسەر پلیکانە بۆ مۆدێلەکانی داهاتووی رۆبۆتەکە زیاد بکات.