وەزارەتى ناوخۆ راگەیەندراوێکى لەبارەى رێککەوتنى شنگال بڵاوکردەوە؛ جێبەجێ نەکراوە
وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى لەبارەى رێککەوتنى شنگال بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێنج ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتنی شنگال و هیچ کام لە بڕگەکانى کارگێڕى و ئەمنی و بونیادنانەوە جێبەجێنەکراون و هۆکارەکەشى ڕێگریی هەندێک هێزى دەرەوەى یاسا و دامەزراوە فەرمییەکانە.
"نەخشەڕێگای ئاسایکردنەوەی شنگال"
وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، رێککەوتنى شنگال نەخشە ڕێگای ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالە بۆ دابینکردنی سەقامگیریی و ئۆقرەیی و گێڕانەوەی متمانە بۆ ئاوارەکان تا بە ئازادی و سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان. بۆیە جێبەجێکردنی کرایە بەشێک لە ڕێککەوتنی سیاسی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی ئێستا و بەرنامەی کاری وزاریی حکومەتی فیدراڵ.
"هەندێک هێز و کەسایەتی رێگرن"
لە ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى ناوخۆدا هاتووە، هەولێر و بەغدا هەوڵیانداوە بڕگەکانى رێکەوتنەکە جێبەجێ بکەن، بەڵام هەندێک هێز و کەسایەتی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان کە خۆیان لەسەرووی یاسا و رێککەوتن و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبینن، بەربەستی سەرەکی بەردەم جێبەجێکردنن، وەزارەتى ناوخۆ دەڵێت، "جێبەجێنەکردنى رێککەوتنەکە هۆکاری بەردەوامی نەهامەتی ئاوارەکان و بێئومێدی و کۆچکردنی ژمارەیەکی زۆریانن بۆ دەرەوەی وڵات".
باری نائاسایی ناوچەکە
وەزارەتى ناوخۆ بەناوى حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە جێبەجێکردنى رێککەوتنەکە دەکاتەوە و دەشڵێت، "ئۆباڵی هێشتنەوەی دۆخی ئەو ناوچەیە لەو بارە نائاساییە خراپە دەخەنە ئەستۆی ئەوانەی بە ئاشکرا ڕێگرن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال".
10/10/2025