رۆژانە چوار مانگی دەستکردی ئیلۆن مەسک دەکەوێتە خوارەوە
بەگوێرەی شارەزایانی چاودێری بۆشایی ئاسمان، رۆژانە چوار مانگی دەستکرد لە تۆڕی ستارلینکی ئیلۆن مەسک دەکەونە خوارەوە، پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارەیە بۆ پێنج مانگی دەستکرد لە رۆژێکدا زیادبکات، ئەگەر سپەیس ئێکس بەردەوام بێت لە فراوانکردنی تۆڕی مانگە دەستکردەکانی.
لە بەرگەهەوای زەویدا دەسووتێن
بەشێک لە خەڵک بۆچوونیان وایە کەوتنەخوارەوەی مانگە دەستکردەکانی ئیلۆن مەسک، دەکرێت ببێتە مەترسی بۆ سەریان، بەڵام مانگی دەستکردی ستارلینک کە تەمەنیان نزیکەی پێنج ساڵە، بەشێوەیەک دروستکراون بۆ ئەوەی بەتەواوی لە بەرگە هەوای زەوی بسووتێن پێش ئەوەی بەر زەوی بکەون، بۆیە مەترسیدار نین، هەرچەندە هێشتا زیانەکانی لەسەر بەرگەهەوای زەوی نەزانراوە.
بەڵام بەشێکی دیکەی ئەو تەنانەی لە خولگەی نزمی زەویدان و دەکەونە خوارەوە و دەگەنە زەوی، ئەمەیان جێگەی مەترسییە.
ئێستا نزیکەی 20 هەزار تەن لە خولگەی نزمی زەوی چاودێری دەکرێن کە 12 هەزاریان مانگی دەستکردن، لەو ژمارەیەش هەشت هەزار و 500ـیان مانگی دەستکردی ستارلینکن.
11/10/2025