زانایان گریمانەیەکی نوێ بۆ کاتی کۆتاییهاتنی گەردوون دادەنێن
تیمێکی زانایان لە بواری فیزیادا، لە ئەمریکا و ئیسپانیا و چین، گریمانەیەکی نوێیان ئاشکراکرد، کە پێشبینی دەکات گەردوون لە ماوەی کەمتر لە 20 ملیار ساڵی داهاتوودا کۆتایی بێت.
گەردوون دەچێتەوەیەک
کۆتایی هاتنەکەش بەشێوەیەکە کە گەردوون وردە وردە لە فراوانبوون دەوەستێت و لەژێر کاریگەریی هێزی کێشکردندا، دەست دەکات بە چوونەوەیەک.
بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری "کۆزمۆلۆجی ئاند ئەسترۆ پارتیکڵ فیزیکس" بڵاوکراوەتەوە، گەردوون کە ئێستا تەمەنی 13.8 ملیار ساڵە، بەردەوام دەبێت لە فراوانبوون بۆ ماوەی 11 ملیار ساڵی دیکە، پێش ئەوەی بگاتە ئەوپەڕی قەبارەی کە نزیکەی 1.7 ئەوەندەی قەبارەی ئێستایەتی، پاشان خاو دەبێتەوە و دەوەستێت، بەڵام دوای ئەوە دەچێتە قۆناغی داڕمان بەرەو خاڵێکی زۆر چڕ، واتە دەچێتەوە ئەو خاڵەی یەکەم جار تەقینەوە گەورەکە لێوەی دەستی پێکرد کە بە بیردۆزی بیگ بانگ ناسراوە.
"گەردوون کۆتایی دەبێت هەروەکو چۆن سەرەتای هەبوو"
فیززیازان هێنری تای، توێژەری سەرەکی توێژینەوەکە روونی کردەوە، ئەم سیناریۆیە لەسەر بنەمای دۆزینەوەی نوێ سەرچاوەی گرتووە کە ئاماژە بەوە دەکات، وزەی تاریک کە %70ـی گەردوون پێکدەهێنێت، لەوانەیە بەرەو کەمبوونەوە بڕوات، نەک نەگۆڕبێت وەکو ئەوەی پێشتر باوەڕدەکرا.
ئەو زانایە وتیشی:"لە ساڵانی 1960ـەکاندا، بۆمان دەرکەوت گەردوون سەرەتایەکی هەیە، ئێستاش دەپرسین: ئایا کۆتاییەکی هەیە؟ بۆ چەندین ساڵ، باوەڕمان وابوو کە بۆ هەمیشە فراوان دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەم ئەنجامانە پشتڕاست بکرێنەوە، گەردوون کۆتاییەکی دیاریکراوی دەبێت، هەروەکو چۆن سەرەتایەکی هەبوو."
توێژەران جەختیان لەوە کردەوە، ئەم ئەنجامە پێشبینی نییە، بەڵکو یەکێکە لە گریمانەکان، پشت دەبەستێت بە دروستی ئەو چاودێرییانەی ئاماژە بە گۆڕانکاری لە وزەی تاریکدا دەکەن، کە هێشتا بە تەواوی نەسەلمێنراوە.
11/10/2025