باکرهان: لەگەڵ ئاکپارتی باسی هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغانمان نەکردووە

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دەم. فۆتۆ: AA
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دەم. فۆتۆ: AA

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم) ئاشکرایکرد، لەگەڵ هیچ پارتێک و لەنێویاندا ئاکپارتی، باسی هەڵبژاردنەوەی سەرۆککۆماریان نەکردووە.

دەستوور بەڵگەنامەیەکی کۆمەڵایەتییە و پێویستی بە سازانە

تونجەر باکرهان لە دیمانەیەکدا، وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری لەبارەی هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان، نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا و پرسی سووریا دایەوە و لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی داواکارییەکی ئەردۆغان بۆ نووسینەوەی "دەستوورێکی مەدەنی"، باکرهان دەڵێت: "نووسینەوەی دەستوور لە رۆژەڤ و بەرنامەی ئێمەدا نییە. جگە لەوەش، دەستوور دۆکیومێنتێک نییە لەنێوان ئێمە و ئاکپارتیدا. دەستوور بەڵگەنامەیەکی کۆمەڵایەتییە و پێویستی بە سازانە".

 لەبارەی هەڵبژاردنەوەی سەرۆککۆمار یەک وشەیان نەگوتووە

لەبارەى ئەوەش ئایا لەگەڵ ئاکپارتی قسەیان کردووە لەبارەی هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان بۆ خولێکی نوێی سەرۆکایەتی تورکیا، هاوسەرۆکی پارتی دەم دەڵێت: "لەگەڵ هیچ پارتێک و لەنێویشیاندا ئاکپارتی، تەنانەت یەک وشەمان لەبارەی سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی سەرۆککۆمار و هەماهەنگی و هاریکاری لە هەڵبژاردندا نەگوتووە".

"هەسەدە چەکدابنێت کێ ئاسایشیان بپارێزێت"

لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئاگربەستی نێوان حکومەتی دیمەشق و هەسەدە و تێکەڵابوونیان لەگەڵ سوپای سووریا، باکرهان دەڵێت: "لە وڵاتێک کە دەکرێت هاوسەنگییەکان لەماوەی چەند چرکەیەکدا بگۆڕێن، ئەگەر هەسەدە چەکدابنێت، کێ ئاسایشیان دابیندەکات؟ کێ گرەنتی ئەمە دەکات؟".