لە یۆبیلی زیوینی (سەردەم) لە سلێمانی 13 نووسەر و وەرگێڕ خەڵاتدەكرێن

لە یادی 25 ساڵەی دامەزراندنی دەزگای سەردەم، لە مەراسیمێکدا ژمارەیەک نووسەر و وەرگێڕ خەڵاتکران.
لە یادی 25 ساڵەی دامەزراندنی دەزگای سەردەم، لە مەراسیمێکدا ژمارەیەک نووسەر و وەرگێڕ خەڵاتکران.

دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لەشاری سلێمانی مەراسیمی یۆبیلی زیوینی كردەوە و تیایدا 13 نووسەر و وەرگێڕ خەڵاتی زێڕینیان پێبەخشرا.

دانا فایەق، چیرۆکنووس و سەرپەرشتیاری زنجیرەی کتیب لە دەزگای سەردەم، بە کەناڵ8ی راگەیاند : "لە 25 ساڵی رابردوودا، هەرجارێک خەڵاتی زێڕین بەخشراوە بە نووسەرێک، وەکو بەختیار عەلی، هۆمەر محەمەد بەڵام ئەمە یەکەمجارە بەشێوەیەکی فراوان لە مەراسیمێکدا خەڵاتی زێڕین دەبەخشرێت و بڕیارە ساڵانە بەردەوامی هەبێت".

مەراسیمەکە لە 25ی تشرینی یەکەمی 2023 و لەیادی 25 ساڵەی دامەزراندنی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە هۆڵی دکتۆر عیزەدین مستەفا رەسول لە گراند میلینیۆم بەڕێوەچوو ، خەڵاتی زێڕین بەخشرایە ژمارەیەک لە نووسەر و وەرگێڕ، کە چەندین ساڵە لەرێگەی بەرهەمەکانییانەوە، خزمەتی زمان و وێژەی کوردییان کردووە.

لە یۆبیلی زیویندا 13 نووسەر و وەرگێڕ خەڵاتییان پێبەخشرا، سێ لە خەڵاتکراوەکان دەستەی دامەزرێنەری دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بوون، ئەوانیش: (حسێن عارف، رەووف بێگەرد و دڵشاد عەبدوڵلا) بوون، هەروەها خەڵات بە (دانا فایەق، عەلی کەمال) وەک کارمەندی نموونەیی دەزگاکە بەخشرا.

بایۆگرافیای نووسەر و وەرگێڕە خەڵاتکراوەکان

1-حسێن عارف، چیرۆکنووس و رۆماننووسە، لە ساڵی 1939 لە شاری سلێمانی لەدایكبووە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، خاوەنی چەندین کۆمەڵە چیرۆک و رۆمانە، چەند بەرهەمێکی ئەدەبی و رەخنەیی هەیە.

2-رەووف بێگەرد، چیرۆکنووس و وەرگێڕە، لە ساڵی 1942 لە شاری کەرکوک لەدایکبووە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە زمانەکانی عەرەبی و فارسییەوە کتێب وەردەگێڕێت، خاوەنی 10 کۆمەڵە چیرۆک و 23 کتێبی وەرگێڕانە لە بوارەکانی چیرۆک، رۆمان، شانۆنامە، ئەدەبی نامە، رەخنەی ئەدەبیی و فیکریی.  

3-دڵشاد عەبدوڵلا، شاعیرە، لە ساڵی 1956لە شاری هەولێر لەدایکبووە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی دەزگای سەردەم، لە ساڵی 1998 بۆ 2011 ئەندامی ئەنجومەنی دەزگای سەردەم و سەرنووسەری گۆڤاری ئایندە بووە، خاوەنی 30 کتێبی شیعر و گوتاری ئەدەبییە.

4-جەلیل کاکەوەیس، چیرۆکنووس و رۆماننووس و وەرگێڕ، لە ساڵی 1948 لە شاری کەرکوک لەدایکبووە، خاوەنی شەش کۆمەڵە چیرۆک و دوو رۆمان و ژمارەیەک بابەتی رەخنەییە، چەندان رۆمانی جیهانیی لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوە بۆ زمانی کوردی.

5-سەباح ئیسماعیل، وەرگێڕە، لە ساڵی 1961 لە شاری کەرکوک لەدایکبووە، لە زمانی عەرەبییەوە بۆ کوردی کتێب وەردەگێڕێت و بە پێچەوانەشەوە، خاوەنی 44 کتێبە لە بوارەکانی رۆمان و گوتاری ئەدەبی.

6-حەمە کەریم عارف، نووسەر و وەرگێڕە، لە ساڵی 1951 لە شاری کەرکوک لەدایکبووە، لە زمانی عەرەبی و فارسییەوە کتێب وەردەگێڕێت، 170 کتێبی لە کایەکانی چیرۆک، رۆمان، مێژوو، لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، ئەدەبی منداڵان، مێژووی سیاسی وەرگێڕاوە.

7-دلاوەر قەرەداغی، شاعیر و وەرگێرە، لە ساڵی 1963 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، لە زمانەکانی عەرەبی، فارسی و سویدییەوە وەرگێڕان دەكات، خاوەنی دوو کۆ شیعر، نۆ کۆمەڵە شیعر و 70 کتێبی وەرگێڕانە.

8-سۆزان جەمال، نووسەر و وەرگێڕە، لە ساڵی 1974 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، سەرنووسەری گۆڤاری زانستی سەردەم و ئەندامی ئەنجومەنی دەزگاکە بووە، خاوەنی 25 کتێبە لە بوارەکانی کێشەکانی ژن، پەروەردەی منداڵ، بابەتی زانستیی و سایکۆلۆژی.

9-عەتا قەرەداغی، رەخنەگر و وەرگێڕ، لە ساڵی 1964 لە شارۆچکەی قەرەداغ لەدایکبووە، لە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزییەوە كاری وەرگێڕان دەكات، خاوەنی 45 کتێبە لە بوارەکانی لێکۆڵینەوە، رەخنە، ئەدەبیات و کۆمەڵناسیدا.

10-د.بایەزید حەسەن عەبدوڵلا، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە کیمیای نائەندامی و مامۆستا لە بواری زانستی سیاسی و ئابووری، لە زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبییەوە كاری وەرگێران دەكات، خاوەنی 10 کتێبی وەرگێڕان و پێنج کتێبی نووسراوە.

11-د.ئەنوەر قادر محەمەد، شاعیر و لێکۆڵەر و وەرگێڕ، لەساڵی 1947 لە عەربەت-سلێمانی لەدایکبووە، خاوەنی 20کتێب، چوار کۆمەڵە شیعر، چەندین کتێبی لێکۆڵینەوە و وەرگێڕانە، لە زمانەکانی عەرەبی و فارسییەوە بۆ کوردی و بە پێچەوانەشەوە كاری وەرگێڕان دەكات، هەندێک لە کتێبەکانیشی لە زمانەکانی سویدی و رووسییەوەیە وەرگێڕاوون بۆ کوردی.

13-عەبدوڵلا تاهیر بەرزنجی، رەخنەگر، وەرگێڕ، شاعیر و چیرۆکنووس، لە ساڵی 1957 لە بناری سەرگرمە-سەنگاو لەدایکبووە، بە عەرەبی و کوردی دەنووسێت، لە زمانەکانی عەرەبی و فارسییەوە وەردەگێڕێت، خاوەنی 45کتێبە لەبوارەکانی ئەدەب و رەخنە و وەرگێڕاندا.

دەزگای‌ چاپ‌ و پەخشی‌ سەردەم وەک ناوەندێکی‌ رۆشنبیری‌،‌ بەردەوامە لە چاپکردن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمە ئەدەبی و رۆشنبیرییەکان، لە 25ی تشرینی یەکەمی ‌998 دامەزراوە، دەستەی‌ دامەزراندنی‌ بریتیبوون لە (شێرکۆ بێکەس‌، رەووف بێگەرد‌، حسێن عارف‌، محەمەد موکری‌‌ و دڵشاد عەبدوڵلا).

‌دەزگای سەردەم کۆمەڵێک‌ ئەرکی‌ رۆشنبیریی‌ گرتۆتە ئەستۆ، کەپێکھاتوون لە چاپکردن‌ و بڵاوکردنەوەی کتێب و‌ گۆڤار، وەکو گۆڤاری سەردەم، ئایندە،  منداڵی‌ سەردەم، رۆڤار، کە گرنگی‌ بەبوارە جیاجیاکانی‌ رۆشنبیریی و فەرهەنگی کوردی دەدەن.