فۆتۆگرافەرێکی فەرەنسی وێنە دانسقەکانی مام جەلال و راپەڕین بڵاودەکاتەوە
لام هاین، فۆتۆگرافەری فەرەنسی، کە لە ساڵی 1991دا هاوشان لەگەڵ راپەڕینی گەلی کورد گەیشتە کوردستان و دواتر لە جەنگی دژ بە داعشدا گەڕایەوە، ئێستا ئەرشیفە دەوڵەمەندەکەی لە کتێبێکدا کۆکردووەتەوە کە 400 وێنەی مێژوویی و دانسقەی تێدایە و چیرۆکی دوو قۆناغی چارەنووسسازی کورد دەگێڕێتەوە. لام لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "رۆژی8" دا کۆمەڵێک زانیاری لەسەر کتێبەکەی باسکرد
"مێژوو منی هێنایە کوردستان"
لام هاین دەڵێت، "من بڕیارم نەدا بێمە کوردستان، بەڵکو مێژوو وایکرد لە بەهاری 1991 بێم." ئەو باس لەوە دەکات کە لەگەڵ کاروانێکی هاوکاریی مرۆیی (خۆراک، دەرمان و جلوبەرگ) هاتووە و کاتێک بینیویەتی کوردەکان چۆن گوندەکانیان لە سفرەوە بنیات دەنایەوە، هەستی کردووە دەبێت شتێک بۆ ئەم گەلە بکات. دەشڵێت، "پێشتر کوردم تەنیا لەڕێگەی ئەدەبەوە دەناسی، بۆیە کە هاتم سوپرایز بووم."
یادگارییە لەبیرنەکراوەکان لەگەڵ مام جەلال
فۆتۆگرافەرە فەرەنسییەکە پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ مام جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هەبووە و دەڵێت، "هەرگیز ئەوەم لەیاد ناچێت کە چۆن مام جەلال یارمەتیی خەڵکەکەی خۆی دەدا." یەکێک لە بەناوبانگترین وێنەکانی، وێنەیەکی مام جەلال و کۆسرەت رەسوڵە لەسەر شاخێک لە شەقڵاوە.هاین دەڵێت، "ئەو کاتە نەمدەزانی ئەو کەسانە کێن، بەڵام دواتر کە کتێبەکەم دروستکرد، خەڵک پێیان وتم ئەوە بەڕێز کۆسرەتە. کاتێک ئەم وێنەیە پیشانی خەڵکی فەرەنسا دەدەم، لە رێگەی شاخ و سرووشتە جوانەکەیەوە بۆیان دەردەکەوێت کوردستان کوێیە."
هاین باس لەوەش دەکات کە دوای نۆ ساڵ لە یەکەم دیداریان، لە قەلاچوالان سەردانی مام جەلالی کردووەتەوە و "ئەو منی هەر لەیاد مابوو، هات بۆ لام و وتی بەخێربێیت و مێزێکی خوانی گەورەی بۆ ئامادەکردم."
لە سەردەمی راپەڕینەوە بۆ بەرەکانی جەنگی دژ بە داعش
لام هاین تەنیا وێنەی سەردەمی راپەڕینی تۆمار نەکردووە، بەڵکو لە کاتی هێرشی داعشدا گەڕاوەتەوە کوردستان و لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ لە نزیک موسڵ و دوزخورماتوو وێنەی گرتووە. ئەو دەڵێت، "لەوێ بڕیارمدا ئەم کتێبە دروستبکەم، تاوەکو چیرۆکی تەواوەتیی کوردەکان بگێڕمەوە و گۆڕانکارییەکانی کوردستان لە 1991ەوە تا کاتی شەڕی داعش پیشان بدەم."
ئەو باس لە مەترسییەکانی کارەکەی دەکات و دەڵێت، "دوو جار نزیک بووم لەوەی ژیانم لەدەستبدەم، جارێکیان ئۆتۆمبێلەکەم وەرگەڕا و دوو ساڵ یادەوەریم لەدەستدا، جاری دووەمیش لە بەرەکانی جەنگی دژ بە داعش بوو، بەردەوام تەقەمان لێدەکرا، من دەترسام بەڵام متمانەم بە تواناکانی پێشمەرگە هەبوو."
کتێبێک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی راستەقینەی کورد
لام هاین دەڵێت، لەوانەیە نزیکەی "یەک ملیار" وێنەی کوردی هەبێت، بەڵام حەوت ساڵی پێچووە تا 400 وێنەی بۆ کتێبەکەی هەڵبژاردووە. ئامانجی لەم کتێبە ئەوەیە کە وێنەی راستەقینەی کوردستان پیشانی جیهان بدات. "خەڵک هەمیشە وایان دەزانی کورد تەنیا شەڕ و پێشمەرگەیە، بەڵام کاتێک من وێنەکانیان پیشان دەدەم، سەریان دەسوڕمێت، چونکە جیاوازییەکە دەبینن و سەرسام دەبن بە کوردستان."
13/10/2025