ئەکسیۆس: ویتکۆف و جارێد کۆشنەر لەگەڵ شاندی حەماس کۆبوونەتەوە

ستیڤ ويتكۆف نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە کنێستی ئیسرائیل کاتێک ترەمپ ستایشی دەکات فۆتۆ: AFP
ستیڤ ويتكۆف نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە کنێستی ئیسرائیل کاتێک ترەمپ ستایشی دەکات فۆتۆ: AFP

پێگەی ئەکسیۆس بڵاویکردووەتەوە، ستیڤ ويتكۆف و جارێد کۆشنەر، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، بە ناچاری لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حەماس لە شەرم شێخ کۆبوونەتەوە و گرەنتیان پێداون، پاش ئازادکردنی بارمتەکان، ئیسرائیل جەنگ دەستپێناکاتەوە.

گرەنتییان بە شاندی حەماس داوە جەنگ دەستپێناکاتەوە

ئەو پێگە ئەمریکییە، لە زارى سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، شاندی حەماس نیگەران بوون لە دەستپێکردنەوەی جەنگ، پاش ئازادکردنی بارمتەکان، ئەمەش ڕێگربووە لەبەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەڵام پاش ئەوەی ترەمپ گڵۆپى سەوزى بۆ ويتكۆف و کۆشنەر، هەڵکردووە، گرەنتییان بە شاندەکەی حەماس داوە، جەنگ دەستپێناکاتەوە.

پێش کۆبوونەوەکە دانوستانەکان گەیشتبوونە ڕێگایەکی داخراو

پاش ئەوەی چوارشەممەی ڕابردوو، ويتكۆف گەیشتە میسڕ، شاندی قەتەڕ پێیان ڕاگەیاندووە، دانوستانەکان گەیتشوونەتە ڕێگایەکی داخراو.

شاندەکە بە ویتکۆفیان گوتووە، ئایا ئامادەیە لەگەڵ شاندەکەی حەماس کۆبێتەوە؟، پێدەچێت پاش ئەو کۆبوونەوەیە و تەوقەکردن لەگەڵ شاندی حەماس، ڕێککەوتن بکرێت".

پاش چەند خولەکێک لەو داواکارییە، ستیڤ ويتكۆف و جارێد کۆشنەر، گەیشتوونەتە ئەو ماڵەی شاندی میسڕ، تورکیا، قەتەڕ و چوار سەرکردەی حەماسی تیادابووە، کە یەکێکیان خەلیل حەییە بووە.

بۆ 45 خولەک دانوستان کراوە

هەردوو نێردەکەی ترەمپ بۆ ماوەی 45 خولەک دانوستانیان کردووە، ویتکۆف بە سەرکردەکانی حەماسی گوتووە، "بارمتەکان ئەوەندەی بوونەتە بارێکی قورس، ئەوەندە وەک کارتی فشار نەماون".

ویتکۆف: ترەمپ پەرۆشە بۆ جێبەجێکردنی پلانە 20 خاڵییەکە

بەگوێرەى ئەکسیۆس، لەو کۆبوونەوەیەدا، خەلیل حەییە پرسیاری لە ویتکۆف کردووە، ئاخۆ هیچ پەیامێکی لە ترەمپەوە پێیە بۆیان، لە وەڵامدا ویتکۆف گوتوویەتی، "پەیامی سەرۆکی ترەمپ ئەوەیە، بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات، بە پەرۆشیش دەبێت بۆ جێبەجێکردنی پلانە 20 خاڵییەکەی بۆ ئاشتی".

پێگە ئەمریکییەکە باسلەوەدەکات، پاش ئەو کۆبوونەوەیە، جارێکی دیکە شاندی حەماس، میسڕ، تورکیا و قەتەڕ کۆبوونەوەیەکی دوور و درێژییان ئەنجامداوەتەوە.