وەرزی سەرما و کەمیی نەوت؛ داربڕین لە ناوچە شاخاوییەکانى دهۆک زیادیکردووە

بڕێک داری بڕاوە
بڕێک داری بڕاوە

لەگەڵ نزیکبوونەوەى وەرزى زستان، دانیشتووانى ناوچەشاخاوییەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک ڕوویان لە بڕینى دارەکانى سنوورەکە کردووە ئەوەش زیانى بە ژینگەى سنوورەکە گەیاندووە.

دارە سەوزەکانیش دەبڕنەوە

كاوە سەبری، بەڕێوەبەرى دارستان و پاوان لە دهۆک بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، خەڵکێکى زۆر ڕوویان لە بڕینى دارەکانى ناوچە شاخاوییەکان کردووە و دارە سەوزەکانیش دەبڕنەوە و چەند کەسێکیشیان بەتۆمەتى داربڕین ڕووبەڕووى دادگا کردووەتەوە.

هۆشداری بۆ سەرپێچیکاران

ئاماژەى بەوەشکرد، ژمارەیەک ڕێنمایی نوێیان بۆ ئەو مەبەستە دەرکردووە و هۆشداریش بەهەموو ئەو کەسانە دەدات کە بەنیازى بڕینى دار و درەختن و دەڵێت: ڕووبەڕووى سزاى یاساییان دەکەنەوە.

نەوتی پێویست بۆ خۆگەرمکردنەوە نییە

زیادبوونى بڕینەوەى درەخت، لەوەرزى زستاندا لەلایەن دانیشتووانى ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پلەکانى گەرما بەڕێژەیەکى بەرچاو دادەبەزن و نەوتى پێویستیشیان بۆ خۆگەرمکردنەوە نییە.

بڕی نەوتی دابەشکراو بەشیان ناکات

هەرچەند حکومەتى هەرێمى کوردستان پرۆسەى دابەشکردنى نەوتى سپى دەستپێکردووە و بۆ هەر خێزانێک بڕیى 200 لیتر دەدات، بەڵام بەگوتەى هاونیشتمانییانی سنوورى ناوچەشاخاوییەکان ئەو بڕە بۆ ئەوان کەمە و بەشى پێداویستییان ناکات هەربۆیە پەنا بۆ بڕینی دار دەبەن.