ئیمارات ئۆتۆمبێلێکی زیرەکی بۆ دۆزینەوەی سەرپێچیکاران نمایش کرد
دەزگای ناسنامە و رەگەزنامە و گومرگی ئیمارات، لە پێشانگەی جایتێکس لە دوبەی، ئۆتۆمبێلێکی پێشکەوتووی بە تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد خستەڕوو کە بۆ دۆزینەوەی سەرپێچیکاران دروستکراوە، بە تایبەت ئەو کەسانەی سەرپێچی ڤیزایان کردووە و کاتی مانەوەیان لە وڵاتەکەدا تەواو بووە.
باشترکردنی دۆزینەوەی سەرپێچییەکانی ڤیزا
دەزگاکە ئاماژەی بەوەداوە، ئامانجی بەکارهێنانی ئەم ئۆتۆمبێلە، پاڵپشتیکردنی تیمە مەیدانییەکانە، هەروەها بۆ باشترکردنی چارەسەرکردن و دۆزینەوەی سەرپێچییەکانی ڤیزا و نیشتەجێبوونە.
دەزگاکە وتیشی مەبەست لەم ئۆتۆمبێلە کەمکردنەوەی پشت بەستنە بە شێوازە تەقلیدییەکانی پشکنین و خێراکردنی وەڵامدانەوەی حاڵەتەکانی فریاگوزارییە لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای پێشکەوتووەوە.
لە چەند چرکەیەکدا 50 دەموچاو دەناسێتەوە
ئۆتۆمبیلەکە شەش کامێرای ئاست بەرزی تێدایە، هەموو چواردەوری خۆی دەبینێت، ئەوەی سەرنجڕاکێشە سیستمی ناسینەوەی دەموچاوەکەیەتی، دەتوانێت دەستبەجێ کەسانی داواکراو یان ئەوانەی سەرپێچی یاساکانی نیشتەجێبوون دەکەن بناسێتەوە و تیمەکان ئاگاداربکاتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیاندا.
هەروەها توانای گرتنی وێنە و شیکردنەوەی دەموچاوی لە مەودای 10 مەترەوە هەیە، دەتوانێت نزیکەی 50 کەس لە ماوەی چەند چرکەیەکدا لە ڕێگەی پشکنینی چاو بناسێتەوە.
ئۆتۆمبێلەکە بەتەواوی کارەباییە و دۆستی ژینگەیە، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026ـدا دەستبەکارکردن بکات.
16/10/2025