لە خولی پێنجەمی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی چی ڕوویدا؟
ئەمساڵ، بە دروشمی کولتووری کوردی و زمانی دایک، پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەڕێوەچوو، تیایدا چەندین بەرهەم و کەسایەتیی سینەمایی بوون بە براوەی خەڵات.

کەی بەڕێوەچوو؟
رۆژانی نۆ بۆ 16ـی تشرینی یەکەم، کار و چالاکییەکانی خولی پێنجەمی فێستیڤاڵەکە، بە ئامادەبوونی 250 میوانی وڵاتانی بیانی، وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە بەڕێوەچوون.
جگە لە چالاکیی هونەری، چالاکیی ئەکادیمی پێشکەش بە ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکە کرا، کە خۆیان لە پێنج پانێڵی جیاوازدا بینییەوە.

چەند فیلم بەشدار بوون؟
ئەمساڵ تەنیا 150 فیلم توانییان بگەن بە قۆناغی نمایشکردن و کێبڕکێ، ژمارەیەک فیلمی تایبەتیش نمایشکران کە لە ئاستی جیهانییدا ناوبانگیان هەیە، لە بنەڕەتی ئەم 150 فیلمە، 95 فیلمیان کێبڕکێیان کرد بۆ بردنەوەی 19 خەڵات لە چوار پۆلی سەرەکییدا.

زەوی سەخت و ئاسمان دوور ئەستێرەی ئەمساڵ بوو
ئەمساڵ فیلمی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور" لە دەرهێنانی هەوراز محەمەد، کە بەربژێر بوو بۆ بردنەوەی حەوت خەڵات، توانی پێنجیان بباتەوە و ببێت بە ئەستێرەی فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵ، کە بریتین لە خەڵاتەکانی:
- خەڵاتی باشترین سینەماتۆگرافی ناوخۆیی
- خەڵاتی باشترین ئەکتەری ناوخۆیی
- خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەری ناوخۆیی
- خەڵاتی باشترین دەرهێنەری ناوخۆیی
- خەڵاتی باشترین فیلمی ناوخۆیی

لیستی براوەکانی دیکە بەم جۆرەی خوارەوەیە:
خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی ناوخۆیی – حەبیبوڵا
خەڵاتی باشترین کورتەفیلمی ناوخۆیی - کوڕ
خەڵاتی باشترین سیناریۆی ناوخۆیی – قەیفەی مۆر – ساکار عوسمان
خەڵاتی باشترین سیناریۆی ناوخۆیی – ئایشێ پۆڵات
خەڵاتی باشترین فیلمی لاوانی ناوخۆ – بەلەمە کاغەزەکە
خەڵاتی داوەرانی ناوخۆیی – لە شوێنی نەبینراو

فیلمی نێودەوڵەتیی "نابێ بگوازرێینەوە" چوار خەڵاتی بردەوە:
- خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی
- خەڵاتی باشترین دەرهێنەری فیلمی درێژی نێودەوڵەتی
- -خەڵاتی باشترین سینەماتۆگرافی فیلمی درێژی نێودەوڵەتی

- خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەری فیلمی درێژی نێودەوڵەتی
خەڵاتی باشترین سیناریۆی نێودەوڵەتی – مەحمود کەلاری
خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی نێودەوڵەتی – دایە گەورە و ماسییەکان
خەڵاتی باشترین کورتەفیلمی نێودەوڵەتی – مۆری
خەڵاتی باشترین ئەکتەری نێودەوڵەتی – ئێکۆن ڕیزڤانۆلی

18/10/2025