زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان هەزار و 100 خوێندکاری وەرگرتووە؛ پێنج بەشی نوێی کردووەتەوە
زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان بۆ ئەمساڵی خوێندن، چەند بەشێکی کردووەتەوە و زیاد لە هەزار و 100 خوێندکاری لەڕێگەی زانکۆلاینەوە وەرگرتووە و چەند خوێندکارێکی دیکەش لەڕێگەی دابەزاندن و شوێن گۆڕینەوە دێنە زانکۆکە و دەرفەتیان هەیە لەو زانکۆیە بخوێنن. هەروەها زانکۆکەکە پێنج بەشی نوێی کردووەتەوە.
زۆربەیان خوێندکارانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن
مەریوان حسێن، یاریدەدەری سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان بە کەناڵ8ـی گوت، زیاتر ئەو خوێندکارانەی دانیشتووی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن ڕوو لە زانکۆی پۆلێتەکنیکی گەرمیان دەکەن، چونکە زۆربەی بەشە زانستی و پزیشکییەکان لە زانکۆکەدا هەن و خاڵی سنوورن لەگەڵ ناوچەکانی کفری و کەلار و قوتابیان لەوێ بخوێنن.
داوایەکیان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا هەیە
یاریدەدەری سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان ڕوونیشیکردەوە، ئەو بەشانەی بەگوێرەی خواست کورسیی پڕنەکردبێتەوە داواکارن وەزارەتی خوێندنی باڵا لەڕێگەی زانکۆلاین دووبارە فۆڕمی ڕاستەوخۆیان بۆ پڕبکرێتەوە و خوێندکاران سوود مەندبن.
پێنج بەشی نوێ کراونەتەوە
مەریوان حسێن ڕاشیگەیاند، ناوی خوێندکاران ئاشکراکراوە و دەتوانن خوێندکاران بچن بۆ پڕکرنەوەی ڕێکارەکانیان لە تۆماری زانکۆکە، باسی لەوەشکرد، بۆ ئەمساڵ پێنج بەشی نوێ کراوەتەوە لەوانە بەکالۆریۆس لە پەرستاری، دبلۆم لە دیزاینی ناوەوە، کۆلێژی کارگێڕی کە دووبەشە، ژمێریاری و راگەیاندن، هەروەها تەکنینکی کاگێڕی.
خوێندنی پارالێڵیشیان هەیە
هەر لە قسەکانیدا، یاریدەدەری سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان ئەوەی خستەڕوو، دەرچووانی بەشی وێژەیی دەشتوانن لە ئێواران بخوێنن، بەڵام بە پاراڵێڵ، بەڵام دەرچووە زانستییەکان دەتوانن لەڕێگەی پاراڵێڵەوە بەڕۆژ یاخود بە خۆڕایی بخوێنن.
18/10/2025