قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانى عێراق 125 ملیار دۆلار؛ "کورتهێنانی بودجە زۆر گەورەیە"

عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق

قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانى عێراق گەیشتووەتە نزیکەى 150 ملیار دۆلار، پارێزگارى بانکى ناوەندیش دەڵێت، کورتهێنانى بودجە زۆر گەورەیە و لە ڕێگەى قەرز و سەنەداتەوە پڕناکرێتەوە.

قەرزی ناوخۆیی عێراق 70 ملیار دۆلارە

عەلى عەلاق، پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق، لە وەڵامى پەرلەمانتار رائید مالیکى، لەبارەى بەهاى ئەو سەنەدانەى عێراق لە ئەمریکا کڕیویەتی ئاماژەى بەوەکردووە،  قەرزە ناوخۆییەکانى عێراق 91 تریلیۆن و 100 ملیار دینار کە بە دۆلار دەکاتە 70 ملیار دۆلار و پڕکردنەوەى کورتهێنانى بودجە لە ڕێگەى قەرز و دەرکردنى سەنەد کارێکى ئەستەمە، هەرچەندە لە بودجەدا رێگە بە وەزارەتى دارایی دراوە، سەنەدات بە بەهاى پێنج تریلیۆن دینار دەربکات.

قەرزی دەرەکیی عێراق نزیکەی 55 ملیار دۆلارە

پارێزگارى بانکى ناوەندى ئاشکراشیکردووە،  قەرزە دەرەکییەکانى عێراق 54 ملیار و 957 ملیۆن دۆلارە، بەڵام ئەو قەرزەى پێش ساڵى 2003 کەوتووەتە سەر عێراق و رێککەوتنى لەسەر کراوە پاکتاوبکرێت بڕەکەى سێ ملیار و 842 ملیۆن دۆلارە، لەکاتێکدا کۆی قەرزەکانى عێراق پێش ساڵى 2003، زیاتر لە 40 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.

مامەڵەی بانکی فیدراڵی ئەمریکا بە نەوتی عێراقەوە

عەلى عەلاق باسى لەوەشکردووە، بەهاى ئەو سەنەدانەى عێراق لە ئەمریکا کڕیویەتى گەیشتووەتە 11 ملیار دۆلار و ڕاشیگەیاندووە، هیچ رێگرییەک نییە بۆ مامەڵەکردنى بە داهاتى نەوتى عێراق لەلایەن بانکى فیدراڵیی ئەمریکاوە.