بەرهەمێکی نوێی چەتۆ حەسەن بڵاوکرایەوە
لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا، دیوانە شیعرێکی نوێی یەکێک لە هونەرمەندە دیارەکانی شاری هەولێر بڵاوکرایەوە.
کەسایەتییەکانی هەولێر ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بوون
رێکەوتی 18ـی تشرینی یەکەم، لە باخچەی ڕێکخراوی مرۆیی هەماهەنگیی نانەکەلی، بە ئامادەبوونی فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، هاوتای ژمارەیەک لە هونەرمەند، ڕۆشنبیر و نووسەرانی شارەکە، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ بڵاوکردنەوەی دیوانە شیعری "لە باوەشی زورگەزراو" ڕێکخرا.

لە نووسینی چەتۆ حەسەنە
ئەم دیوان شیعرە، لە نووسینی چەتۆ حەسەن، هونەرمەند، نووسەر، شاعیر و فۆلکلۆرپەروەری دیاری شاری هەولێر و کوردستانە، کە نوێترین بەرهەمی نووسراوی ئەم کەسایەتییەیە.

بەڵگەفیلمێکیش نمایشکرا
لەم ڕێوڕەسمەدا، وێڕای ناساندن و بڵاوکردنەوەی دیوانە شیعرییەکە، بەڵگەفیلمێک لەبارەی ژیانی چەتۆ حەسەن نمایشکرا لەبارەی کارە هونەریی و ئەدەبییەکانی، پاشان لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، دیوانەکە بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرا و هەمووان ستایش هەوڵەکانیان کرد.

چەتۆ حەسەن کێیە؟
یەکێکە لە دیارترین هونەرمەندانی کورد، ساڵی 1945 لە گوندی عەوێنەی سەر بە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، لە بوارە جیاوازەکانی هونەر و ئەدەبدا هەوڵی بەردەوامی داوە، لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی بە کاری نواندنی شانۆیی کردووە، ئەندامی تیپی هونەری هەولێر بووە، وێڕای نواندن و دەرهێنان لە شانۆدا، بەرنامەی تەلەڤیزیۆنیی هەبووە و چەند بەرهەمێکی بەشێوەی نووسینیش بڵاوکردووەتەوە.

19/10/2025