بە 7 خولەک دزییەک لە مۆزەخانەی لۆڤەری پاریس کرا

ئەو شوێنەی دزییەکەی لێوەکراوە لەڕێگەی پەیژەیەکی کارەباییەوە، فۆتۆ: AFP
ئەو شوێنەی دزییەکەی لێوەکراوە لەڕێگەی پەیژەیەکی کارەباییەوە، فۆتۆ: AFP

مۆزەخانەی لۆڤەر، شوێنی شاکارەکانی وەک مۆنالیزا و ڤینۆس دی میلۆ، ئەمڕۆ ناچار بوو دەرگاکانی دابخات، نەک بۆ نۆژەنکردنەوە یان بابەتێکی جیاواز، بەڵکو بۆ ئاشکراکردنی دزییەکی سەیر لەنێو مۆزەخانەکەدا.

چەند کەسێک ئەنجامیان داوە

رووداوەکە بەرەبانێکی ئاسایی رۆژێکی وەک ئەمڕۆ بووە، تیایدا دزییەکی سەیر و سەمەرە لە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس دەکرێت.

بەدیاریکراویی، کاتژمێر 9:30 خولەک چەند کەسێکی نەناسراو هەڵدەکوتنەسەر مۆزەخانەکە و چەندین پارچە زێڕ و گەوهەری گرانبەها دەدزن.

حەوت خولەکی پێچووە

ئەوەی زۆر شۆکهێنەر بووە لەم دزییەدا، ئەوەبووە کە تەنیا حەوت خولەکی پێچووە، بەتایبەت لەکاتێکی وەکو بەیانیاندا، عادەتەن مۆزەخانە جمەی دێت لە زۆریی سەردانیکەر، چونکە یەکێکە لەو مۆزەخانانەی جیهان گەشتیارێکی زۆر ئارەزووی بینینی دەکات.

لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە

لەسەر رووداوەکە، ڕەشیدە داتی، وەزیری ڕۆشنبیریی فەڕەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە و پشکنینەکان بەردەوامیی هەیە، هیچ کەسێکیش بریندار نەبووە، بەلام مۆزەخانەکە بەدرێژایی ئەمڕۆ بە داخراوی دەمێنێتەوە.

یەکێک لە دەروازە سەرەکییەکانی مۆزەکانی لۆڤەر بە داخراوی، فۆتۆ: AFP

مۆزەخانەی لۆڤەر، کە زیاتر لە دوو سەدەیە پەناگەیەکە بۆ هونەر، لەبری ئەوەی ئەمجارەیان بە تابلۆیەک قەرەباڵغیی جیهان بۆ خۆی ڕابکێشێت، دزییەکی 7 خولەکی هەموو سەرنجەکانی بۆ خۆی بردووە و ئێستا لە شەقامەکانی پاریس یەک پرسیار دەکرێت ..دزەکەی لۆڤەر کێ بووە؟.

سودیان لە بەشێکی نۆژەنکراوەی مۆزەخانەکە وەرگرتووە

چەند کەسێکی نەناسراو دزییەکەیان کردووە، بە رووخسار بە تەواوی داپۆشراو، توانیویانە لەلای کەنار ڕووباری سیناوە بچنە ناو مۆزەخانەکەوە کە ئەو بەشەی کاری نۆژەنکردنەوەی تێدا دەکرێت، بە فرسەتیان زانیوە لەو رێگەیەوە بچنە ناو مۆزەخانەکە.

پەیژەیەکی کارەباییان بەکارهێناوە

پەیژەیەکی کارەباییان بۆ گواستنەوە بەکارهێناوە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بگەنە "هۆڵی ئەپۆلۆ"، کە چەندین پارچە زێڕ و گەوهەری تێدایە.

لۆرانس نۆنیز، وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا دەڵێت، دزەکان چەندین پەنجەرەیان شکاندووە و دووانیان چوونەتە ناو مۆزەخانەکە، سێیەم دز لە دەرەوە بۆ چاودێری ماوەتەوە.

دزەکان بە ماتۆڕ سکیل هەڵاتوون

پاشان دزەکان لە مۆزەخانەکە دێنەدەرەوە بە ماتۆڕسکیلێکی جۆری "TMAX" بەرەو ڕێگای خێرای A6 هەڵدێن، ئەم پرۆسەیەی کە بۆم باسکردن هەر هەمووی تەنیا 7 خولەکی خایاندووە زیاتر نا، ئەم دزانە ئەوەندە پرۆفێشناڵ و کارامە بوون، دزی لە بەناوبانگترین و ئەمینترین مۆزەخانەکانی جیهان بە ڕێگەیەکی زۆر ئاسان بکەن بە تەنیا 7 خولەک.

نۆ پارچە زێڕ و گەوهەری گرانبەهایان دزیوە

ئەم تاجە لەناو شوشەدا هەڵگیرابوو، مێژووەکەشی بۆ سەردەمی ناپلیۆن و فەرمانڕەوا فەڕەنسییەکان دەگەڕێتەوە، یەکێکە لە پارچە دزراوەکان، فۆتۆ: AFP

رەنگە بپرسن باشە ئەی ئەگەر ئەوەندە پرۆفێشناڵن، ئەی چییان دزیوە؟ بەگوێرەی زانیارییەکان، 9 پارچە زێڕ و گەوهەرە دەگمەن و بەناوبانگەکانی سەردەمی ناپلیۆن و ئیمپراتۆر ئۆجێنی دزراون، لەنێویاندا ملوانکەیەک، گوڵەیەخە، تاجێک، کە ئەم تاجە لەناو شوشەدا هەڵگیرابوو هەر بەو شێوەیەش نمایشدەکرا، مێژووەکەشی بۆ سەردەمی ناپلیۆن و فەرمانڕەوا فەڕەنسییەکان دەگەڕێتەوە.

لە پەشۆکاویدا پارچەیەکیان لێجێماوە

ئەوەندەش بە خێرایی هەڵهاتوون، یەکێک لەو پارچانەی دزبویانە، لە دەرەوەی مۆزەخانەکە لێیان دەکەوێت و بەجێدەمێنێت، ئەویش گەورەترین ئەڵماسە لە مۆزەخانەکەدا کە ناوی "ڕێجێنت"ە و کێشەکەی زیاترە لە 140 قیرات.

لەئێستادا تیمی بەرەنگاربوونەوەی دزییە گەورەکان ڕاسپێردراون بۆ دیاریکردنی بارودۆخی وردی ڕووداوەکە و ناسینەوەی تاوانباران و هەموو ڕێوشوێنەکان دەستبەجێ گیراونەتەبەر بۆ گەڕاندنەوەی ئەنتیکە دزراوەکان.