ياریی رۆبڵۆکس لە عێراق قەدەغە کرا
وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق، یاریی رۆبڵۆکسی بە فەرمیی قەدەغەکرد و هۆکارەکەشی بۆ بوونی مەترسیی ئەمنی و کۆمەڵایەتی دەگەڕێنێتەوە.
وەک پەرۆشییەک بۆ ئاسایشی کۆمەڵایەتی
وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، وەک پەرۆشییەک بۆ ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پاراستنی بەهای پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیی منداڵ و پاراستنی سەلامەتیی بەکارهێرۆڵۆنانی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت، پاڵپشت بە بڕیارى دادگای فیدڕاڵی، بڕیاریاندا بە قەدەغەکردنی یاریی رۆبڵۆکس.
"مەترسیی ئەمنی هەیە"
وەزارەتەکە دەشڵێت، بڕیارى قەدەغەکردنی یارییەکە، پاش لێکۆڵینەوەی مەیدانی هاتووە، کە دەرکەوتووە ئەو یارییە ئەلیکترۆنییە چەندین مەترسیی ئەمنی، کۆمەڵایەتی و ڕەفتاریی هەیە، لەنێویاندا دەستگەیشتن بە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان بەکارهێنەرانی یارییەکە، بەشێوەیەک منداڵان و هەرزەکاران دەکاتە ئامانج و هەوڵی هەراسانکردنیان دەدرێت.
هەندێک دیمەنی تێدایە پێچەوانەی رەوشت و بەهایە
وەزارەتەکە باسلەوەدەکات، ئەو یارییە هەندێک دیمەنی تیادایە، کە پێچەوانەی ڕەوشت و بەها و نەریتی کۆمەڵگەیە، هەروەها بڵاوبوونەوەی بەستەری ناڕاست و سەکۆی نافەرمیی، کە بانگەشەی پێدانی خەڵات دەکات لەناو یارییەکە و بەکاردەهێنرێت لە دزینی داتا و زانیاریی کەسێتی و هاندانی بەکارهێنەران بۆ پرۆسەی کڕین لەناو یارییەکە، ئەمەش بووەتە هۆکارى دروستبوونی بارگرانیی دارایی بۆ خێزانە عێراقییەکان.
مناڵانی ئالودە کردووە
وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق، هۆکارێکی دیکەی قەدەغەکردنی یارییەکە، بۆ ئالودەبوونی منداڵان و دوور کەوتنەوەی کۆمەڵایەتیی دەگەڕێنێتەوە، بەهۆی زۆریی بەکارهێنانی یارییەکەوە.
وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق، جەخت لە بەردەوامبوونی لە چاودێریکردنی سەرجەم ئەپلیکەشن و یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەکاتەوە، ئەوانەی کاریگەرییان بۆسەر بەهاکان هەیە و دەبنە هەڕەشە بۆسەر سەلامەتیی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت.
19/10/2025