ئەردۆغان پیرۆزبایی لە براوەی هەڵبژاردنی بەشە تورکییەکەی قوبرس دەکات
سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) کە هاوپەیمانی یەکترن، هەڵوێستی پێچەوانەیان لەبارەی هەڵبژاردنەکانی قوبرسی تورکی هەیە.
ئەردۆغان پیرۆزبایی لە براوەی هەڵبژاردنەکان کردووە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی، پەیامێکی پیرۆزبایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا پیرۆزبایی لە توفان ئەرهورمان، سەرۆکی هەڵبژێردراوی بەشە تورکییەکەی قوبرس کردووە کە لە هەڵبژاردنەکانی یەکشەممەدا بەگوێرەی ئەنجامە نافەرمییەکان، زۆرینەی دەنگەکانی بردووەتەوە.
ئەردۆغان دەڵێت: "هیوادارم ئەم هەڵبژاردنە کە جارێکی دیکە پێگەیشتوویی و دیموکراتیی قوبرسی تورکی پیشاندا و بووە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی تورکە قوبرسییە خوشک و براکانمان، ببێتە مایەی خێر بۆ وڵاتەکانمان و بۆ ناوچەکە".
باخچەلی دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیە
هاوکات دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە هاوپەیمانی نزیک ئەردۆغانە لە هاوپەیمانیی جمهور و پێکەوە حکومەتی تورکیایان پێکهێناوە، لە پەیامێکی تەواو پێچەوانەی گوتەکانی ئەردۆغاندا دەڵێت: "هەڵبژاردن بە بەشدارییەکی زۆر کەمەوە ئەنجامدراوە و چارەنووسی تورکێتیی قوبرس ناکرێت بەم ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنانە نوێنەرایەتی بکرێت".
" دەبێت پەرلەمانی قوبرسی تورکی ئەنجامەکان ڕەتبکاتەوە"
باخچەلی باس لەوە دەکات، ئەگەرچی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دامەزراوەی هەڵبژاردنەوە ڕاگەیەندراوە، بەڵام بە پێویستی دەزانێت پەرلەمانی قوبرسی تورکی بەپەلە کۆببێتەوە و "ڕایبگەیێنێت کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و گەڕانەوە بۆ فیدراڵی قبوڵناکات".
سەرۆکی مەهەپە دەشڵێت، "دەبێت پەرلەمانی قوبرسی تورکی بڕیاری لکاندنی ناوچەکەیان بە تورکیاوە بدات".
19/10/2025