عێراق خاوەنی یەدەگێکی گەورەی گازە؛ بۆ کارەباش پشت بە هاوردە دەبەستێت
سەرەڕای ئەوەی عێراق خاوەنی یەکێک لە گەورەترین یەدەگەکانی گازی سروشتییە لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە سوود لەو سامانە سروشتییە وەربگرێت بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی کارەبادا و بەردەوامە لە هاوردەکردنی گاز لە وڵاتانی دراوسێ.
یەدەگێکی گەورەی گاز؛ 12یەم لەسەر ئاستی جیهان
بەپێی ناوەندی ئاماری "وۆرد ئۆ میتەر"ی ئەمریکی، عێراق لە ڕیزبەندیی 12یەمینی جیهان و پێنجەمی وڵاتانی عەرەبیدایە بۆ زۆرترین بڕی یەدەگی گاز:
کۆی یەدەگ: زیاتر لە 132 تریلیۆن پێ سێجا.
ڕێژە: لە جیهاندا 1.61% ی کۆی گشتیی یەدەگی گازی جیهان پێکدەهێنێت.
بەرهەمهێنان زیادیکردووە، بەڵام هاوردەکردن بەردەوامە
قەبارەی بەرهەمهێنانی گازی ڕۆژانە لە عێراقدا گەیشتووەتە 3 ملیار و 100 ملیۆن پێ سێجا، کە بەراورد بە ساڵی 2022 زیادیکردووە. سەرەڕای ئەمەش، عێراق هێشتا ڕۆژانە لە نێوان 20 بۆ 25 ملیۆن مەتر سێجا گاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکات بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا.
کەلێنێکی گەورە لە نێوان بەرهەمهێنان و پێداویستیی کارەبادا
هۆکاری سەرەکیی پشت بەستن بە گازی هاوردەکراو، ئەو کەلێنە گەورەیەیە کە لە نێوان بڕی بەرهەمهێنراو و پێداویستیی کارەبادا هەیە:
بەرهەمهێنانی ڕۆژانە: 27 هەزار مێگاوات.
پێداویستیی ڕۆژانە: 42 هەزار مێگاوات.
هەرێمی کوردستان؛ نموونەی سوودوەرگرتن لە گازی ناوخۆیی
بە پێچەوانەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، هەرێمی کوردستان، کە 18%ی خاکی عێراق پێکدەهێنێت، توانیویەتی سوود لە بەرهەمی گازی ناوخۆیی وەربگرێت بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری. پڕۆژەی "ڕووناکی" بۆ دابینکردنی کارەبا، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە گازی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەی کۆرمۆر دەبەستێت و 80%ی کارەبای پڕۆژەکە لە وێستگەکانی چەمچەماڵەوە بەرهەمدەهێنرێت.
20/10/2025