عێراق نرخی نەوت بۆ بودجەی 2026 بە 60 دۆلار دەخەمڵێنێت

کێڵگەیەکی نەوتی عێراق
کێڵگەیەکی نەوتی عێراق

وەزارەتی نەوتی عێراق بە شێوەیەکی گریمانەیی نرخی بەرمیلێک نەوتی لە بودجەی ساڵی 2026دا بە 60 دۆلار خەمڵاندووە، هاوکات ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانیش ئاشکرای دەکات کە دوو سیناریۆ بۆ بودجەی ئەو ساڵە لە ئارادایە، لە کاتێکدا قەرزەکانی عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 150 ملیار دۆلار.

دوو سیناریۆ بۆ بودجەی 2026

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند: "دوو سیناریۆی گریمانەیی بۆ بودجەی ساڵی 2026 هەیە، کە بۆ خەمڵاندنی نرخی نەوت و گەرەنتی کردنی مووچە و پڕۆژەکان و دامەزراندنە."

سیناریۆی یەکەم: بەپێی ئەم سیناریۆیە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو بە 60 دۆلار دادەنرێت. ئەم نرخە دڵنیایی دەدات لە بەردەوامیی خەرجییە گشتییەکان و پاراستنی قەبارەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و ڕێژەی دامەزراندن.

سیناریۆی دووەم: ئەم سیناریۆیە بریتییە لە زیادبوونی فشارەکان لەسەر دارایی گشتی و دروستبوونی کورتهێنانی بودجە، کە ئەمەش وادەکات حکومەت پێویستی بە قەرزکردن هەبێت، جا چ قەرزی ناوخۆیی بێت یان دەرەکی.

نرخی نەوت و ناسەقامگیریی بازاڕ

ڕاوێژکارەکەی سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد کە جێگیربوونی نرخی نەوت لەسەروو 70 دۆلارەوە بەندە بە ناسەقامگیریی بازاڕ و هاوسەنگیی سیاسیی نێودەوڵەتی، ئەمەش وایکردووە سیناریۆی پشت بەستن بە نرخی بەرزتر، پڕ مەترسی بێت.

قەرزەکانی عێراق و هۆشداریی بانکی ناوەندی

ئەم خەمڵاندنانە لە کاتێکدایە کە دوێنێ عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، ڕایگەیاند قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 150 ملیار دۆلار. بە وتەی عەلاق، قەرزی ناوخۆیی 91 تریلیۆن دینارە و قەرزی دەرەکیش 54 ملیار دۆلارە. پارێزگاری بانکی ناوەندی هۆشداریشی دا کە "کورتهێنانی بودجە زۆر گەورەیە و بە قەرز و بۆند چارەسەر نابێت."