هێڵێکی گەرمی پەیوەندى بۆ بەهاناوەچوونى کۆچبەران لە لیبیا کرایەوە

ژمارەیەک کۆچبەری دەستبەسەکراو لە لیبیا
ژمارەیەک کۆچبەری دەستبەسەکراو لە لیبیا

حکومەتی عێراق، هێڵێکی گەرمی کردەوە بۆ بەدواداچوون لەبارەى دۆخى ئەو کۆچبەرانەی لە لیبیا گیریانخواردووە و دەڵێت ئامانجەکەى ڕێگرییە لە "هەڕەشەى گرووپە قاچاخچییەکان".

چەند هێڵێکی گەرم دانراون

باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، چەند هێڵێکی گەرمی داناوە و داواى لە کەسوکارى ئەو کۆچبەرانە کردووە ڕوویان لە لیبیا کردووە، پەیوەندی بە باڵیۆزخانەکەوە بکەن، تاوەکو سۆراغیان بۆ بکەن. باڵیۆزخانەکە دەڵێت؛ ئەو هێڵە گەرمە بۆ ئاگاداربوونی بەردەوامی ئەوانە لەگەڵ کەسوکاری کۆچبەرەکان و ڕێگرییە لە حاڵەتی هەڕەشەکردن و داواکاردنی پارە لەلایەن گرووپە قاچاخچییەکانەوە.

ژمارەی هێڵە گەرمەکان

ئەو سێ ژمارەیە بۆ پەیوەندى کراونەتەوە؛ ( 009647700630600 ، 00218931826998‎ ،  ‎00218931826997‎) کەناڵ8 پەیوەندى بەژمارە بەردەستەکانەوە کرد، بەڵام بە پاساوى نەبوونى دەسەڵاتى لێدوان، ئامادەنەبوون لەبارەى ئەو کارانەى بۆ کۆچبەرانیان دەکەن قسە بکەن.

بۆ گەیشتن بە ئەورووپا ڕوو لە لیبیا دەکەن

بەهۆى فراوانى سنوورى وشکانى و ناسەقامگیریی دۆخى ئەمنى و سیاسى، پێویست نەبوونى ڤیزا، ساڵانە هەزاران کۆچبەر بە هیواى گەیشتن بە ئەوروپا خۆیان دەگەیەننە لیبیا.

بەشێک لە کۆچبەران بۆ پارە بە بارمتە گیراون

ڕەنج پشدەرى، چالاکوانى بوارى کۆچ لە لێدوانێکدا بە کەناڵ8 ـى ئاشکرایکرد، "ئێستا بە هەزاران گەنجى کورد لە لیبیا و تونسن بە هیواى گەیشتن بە ئیتاڵیا، کە زیاتر لە 300 کەسیان بە بارمتەگیراون، ئەو قاچاخچییانەى لە لیبیان پارەیان نەداوەتە پۆلیس، ئەوانیش کۆچبەرەکانیان بە بارمتەگرتووە".

100 کۆچبەری کورد گەڕێندراونەتەوە

ناوبەناو هەردوو وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و باڵیۆزخانەى عێراق لە لیبیا کار بۆ گەڕاندنەوەى کۆچبەران دەکەن، بڕیارە 26ـى مانگە 53 کۆچبەر لە لیبیاوە بگەڕێنرێنەوە. ئەمساڵ بە پێنج کاروان 100 کۆچبەرى کورد گەڕێنراونەتەوە، دواهەمینیان 10ـى ئەیلول بوو کە 25 کۆچبەر بوون.

450 هەزار کۆچبەری نایاسایی لە لیبیا

ڕێکخراوى نێودەوڵەتیى کۆچ ئاشکرایکردووە، لە سەرەتاى ئەمساڵەوە 450 هەزار کۆچبەرى نایاسایی گەیشتوونەتە لیبیا، بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى ناوخۆى وڵاتەکەش، زیاتر لە دوو ملیۆن کۆچبەر لە لیبیادان کە 80%یان بە نایاسایی گەیشتوون.