وەزیرێکی ئیسرائیلی داوای سووتاندنی تەرمی یەحیا سنوار دەکات؛ داواکە تاتوێ دەکرێت
میری ڕیگێڤ، وەزیری گواستنەوەی ئیسرائیل لە دوایین کۆبوونەوەی کابینەی ئەمنیی ئیسرائیلدا، داوایکرد تەرمی یەحیا سنوار، سەرۆکی پێشووی بزووتنەوەی حەماس بسووتێنرێت و گوتوویەتی، "نابێت ڕێگە بدرێت کەس ببێت بە هێما" و کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل سەرقاڵی تاوتوێکردنی پێشنیازەکەیە.
دەیانەوێت وەک بن لادن گۆڕی نەبێت
ڕێگێڤ بە ئاماژەدان بە ئوسامە بن لادن، سەرۆکی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە کە لە ساڵی 2011 لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئەمریکاوە کوژرا و تەرمەکەی فڕێدرایە دەریاوە، گوتی، پێویستە ئەوانیش کارێکی هاوشێوە بکەن و ڕێگە نەدەن سنوار بنێژرێت و گۆڕی هەبێت.
نابێت یەحیا سنوار ببێت بە هێما
وەزیرەکەی ئیسرائیل دەڵێت، پێشنیازەکەی خستووەتە بەردەم کابینەی حکومەت و داوایکردووە ئەوە کارە بکەن بۆ ئەوەی یەحیا سنوار نەبێت بە هێما، بەگوێرەی ڕۆژنامەی یەدعوت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی، بەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیل پێشنیازەکەی ڕێگێڤ تاوتوێدەکەن.
کوژرانی سنوار
یەحیا سنوار، ڕۆژی 16ـی ئۆکتۆبەری 2024 لە ئۆپەراسیۆنێکی سوپای ئیسرائیلدا لە شاری رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە کوژرا، دواتر لە ڕێگەی پشکنینی دی ئێن ئەیەوە پشکنین بۆ تەرمەکە کرا و پشتڕاستکرایەوە کە کوژراوەکە یەحیا سنوارە، ئەو کەسەی لە دوای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەرەوە داواکراوی پلەیەک بوو لای ئیسرائیل.
حەماس داوای تەرمەکەی سنوار دەکات
لەکاتی بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی شەرم شێخدا لەمیسڕ و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیل و زیندانییەکانی فەڵەستین، حەماس داوای لە ئیسرائیل کردبوو تەرمی هەردوو برا، یەحیا سنوار و محەمەد سنواریان ڕادەستبکاتەوە، بەڵام داواکارییەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕەتکرایەوە.
21/10/2025