بەرهەمی سێوی شنۆ 25% کەمیکردووە؛ بەرهەمی ئەمساڵ 125 هەزار تۆنە

گۆشەیەک لە بەرهەمی سێو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. فۆتۆ: میدیای ئێران
گۆشەیەک لە بەرهەمی سێو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. فۆتۆ: میدیای ئێران

سێوی شنۆ بە باش و بەتامییەکەی دەناسرێتەوە، بەڵام کەشوهەوا زیانى لێداوە و بەرهەمی ئەمساڵ 125 هەزار تۆنە، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 25% کەمیکردووە.

گۆڕانکاریی کەشوهەوا و کەمیی بەرهەم

عەبدولخالق جوانمەرد، بەرێوەبەری دامەزراوەی کشتوکاڵی شاری شنۆ لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمی سێوی شارەکەى بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواو گەڕاندەوە و گوتیشى، "ئەو سێوەى بەرهەم دەهێنرێت لە 55 ساردکەرەوەدا دەپارێزرێت و هەڵدەگیرێت".

شنۆ 14 هەزار باخە سێوی تێدایە

شاری شنۆ لە پارێزگای ورمێ 14 هەزار باخی تێدایە و 90% یان باخەسێون. سێوى شارەکە "بە کوالیتی باش و بەتام"ـی دەناسرێتەوە ساڵانەش خواستێکی زۆری لەسەرە و هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی ئێران دەکرێت.

60 هەزار هێکتار باخەسێو و 200 هەزار جووتیار

پارێزگای ورمێ، بە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن، کە یەک لەسەر سێی سێوی ئێران دەکات پلەکانی سەرەوەى پرێزگاکانی وڵاتەکەی لە بەرهەمى سێودا گرتووە، هەروەها زیاتر لە 60 هەزار هێکتار باخەسێو هەیە و چەندین سێوی جۆارجۆریان تیادا چێندراون.

پارێزگای ورمێ بە پایتەختی کشتوکاڵی ئێران ناسراوە، ساڵانە نزیکەی حەوت ملیۆن تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی هەیە، زیاتر لە 200 هەزار جووتیار سەرقاڵی کشتوکاڵن، گەنم و سێو و چەوەندەر و هەنگوین، گوێز، هەندێک جۆرى دیکەى سەوزە و میوە لە پارێزگاکە بەرهەمدەهێنرێن.