دوای سێ ڕۆژ لە داخستنی مۆزەخانەی لۆڤەر کرایەوە
دوای سێ ڕۆژ لە داخستنی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ مۆزەخانەی لۆڤەر بەڕووی سەردانکەرانیدا کرایەوە.
بەهای خشڵە دزراوەکان بە 88 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت
ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، لەلایەن چوار کەسی دەمامکدارەوە دزییەک ئەنجامدرا و هەشت پارچە خشڵی بەنرخ لە مۆزەخانەکە دزرا، کە بەهاکەیان بە نزیکەی 88 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت.
ئەو بەشەی دزی لێکراوە بە داخراوی ماوەتەوە
کاتژمێر نۆی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی پاریس، دەرگای مۆزەخانە مێژووییەکە کرایەوە، کە لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین سەردانکەری هەیە، بەڵام گەلەریی ئەپۆلۆ، کە دزییە گەورەکەی لێکراوە، بە داخراویی ماوەتەوە.
بە حەوت خولەک دزییەکە کراوە
داواکاری گشتیی پاریس دوای ڕووداوەکە گوتی، دزەییەکە لەلایەن چوار کەسی دەمامکدارەوە کراوە، دزەکان لەڕێگەی بەرزکەرەوەیەکەوە خۆیان گەیاندووەتە گەلەریی ئەپۆلۆ و سکۆتەری خێر و مۆتۆڕسکیلیان بەکارهێناوە بۆ خێراکردنی کارەکەیان، کە توانیویانە لەماوەی حەوت خولەکدا کارەکە تەواو بکەن.
گەڕان بە دوای دزەکان و پارچە شوێنەوارەکان بەردەوامە
تاوەکو ئێستا گەڕان بەدوای دزەکان و پارچە شوێنەوارییەکاندا بەردەوامە و سەدان لێکۆڵەری تایبەتمەند سەرقاڵی بەدواداچوونن بۆ گەیشتن بە سەرەداوێک، دزەکان توانیویانە هەشت پارچە خشڵی بەنرخ ببەن، نۆیەمیان کە تاجێکی ئەڵماس بووە، لەکاتی هەڵاتنیاندا لێیان کەوتووە.
وردەکاری خشڵە دزراوەکان
ئەو هەشت پارچە خشڵە دزراوە پێکدێن لە تاج و ملوانکە و تاکە گوارەیەک، کە زێڕ و یاقوتی شینن و ناپلیۆن پۆناپەرت، بە دیاری بە ژن و کچەکەی داون، ملوانکەیەک و جووتێک گوارەی سەردەمی ئیمپراتۆری ماری لویسیش، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1810، تاج و گوڵیەخەیەکی گەورە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆر یۆجینی، ساڵی 1853، هەروەها گوڵیەخەیەک کە بە "گوڵەیەخەی پیرۆز" ناسراوە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1855، دزراون.
22/10/2025