سوید 150 فڕۆکەی جەنگیی گریپن بە ئۆکرانیا دەفرۆشێت
ئۆلف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوید ڕایگەیاند، سوید و ئۆکرانیا یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کردووە بۆ پەرەپێدانی توانا ئاسمانییەکان، کە پێکدێت لە فرۆشتنی نزیکەی 150 فڕۆکەی جەنگیی جۆری "گریپن"ی سویدی بە ئۆکرانیا.
سوید و ئۆکرانیا یاداشتنامەیەکیان واژۆکرد
کریستەرسن لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە سوید ڕایگەیاند، واژۆکردنی ئەم یاداشتە ڕێگاخۆشکەر دەبێت بۆ رێککەوتنێکی گەورە لەنێوان هەردوو وڵاتدا، لە بواری پیشەسازیی بەرگریدا.
ڕێککەوتنی بەرگری 15 ساڵە ئەنجام دەدەن
ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی 150 فڕۆکەی جەنگیی جۆری "گریپن ئی" دەفرۆشن بە ئۆکرانیا و لە ئێستادا دەست بە دروستکردنیان کراوە، هاوکات جەختی لەوەش کردەوە، کە بەنیازن ڕێککەوتنێک لە بواری بەرگریدا لەگەڵ ئۆکرانیا بۆ ماوەی 10 بۆ 15 ساڵ ئەنجام بدەن.
لە ماوەی سێ ساڵدا فڕۆکەکان دەگەنە ئۆکرانیا
هەرچەندە لە یاداشتەکەدا هیچ وادەیەک بۆ پێدانی فڕۆکە جەنگییەکان بە ئۆکرانیا نەخراوەتەڕوو، بەڵام سەرۆکوەزیرانی سوید پێشبینیی کرد یەکەم فڕۆکە لە سێ ساڵی ئایندەدا بگات بە دەستی ئۆکرانیا.
لە مبارەیەوە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گوتی، بەدەستهێنانی فڕۆکەی گریپن بۆ سوپاکەیان کاری لەپێشینەی سەردانەکەیەتی.
ساڵی ڕابردوو سوید پلانی ناردنی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری گریپنی بۆ ئۆکرانیا ڕاگرت، ئەمەش دوای ئەوە هات کە هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیا داوایانکرد هەوڵ بدرێت بۆ بەدەستهێنانی فڕۆکەی ئێف16ی ئەمریکی بۆ ئەو وڵاتە.
22/10/2025