ئۆپن ئەی ئای وێبگەڕێکی بۆ کێبڕکێ لەگەڵ گوگڵ ڕاگەیاند

وێبگەڕی چات جی پی تی ئەتڵەس
وێبگەڕی چات جی پی تی ئەتڵەس

کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، خاوەنی چات جی پی تی، وێبگەڕێکی ژیریی دەستکردی راگەیاند، بۆ کێبڕکێکردن لەگەڵ رکابەرەکانی وەکو گوگڵ کرۆم.

ChatGPT Atlas

وێبگەڕەکە ناوی چات جی پی تی ئەتڵەسە "ChatGPT Atlas"، ئێستا تەنیا بۆ سیستمی کارپێکەری ماک ئۆئێس بەردەستە، واتە تەنیا لەسەر کۆمپیوتەرەکانی ماک کاردەکات، سام ئەڵتمان رایگەیاند، بە پشت بەستن بە چات جی پی تی بونیادنراوە.

ئۆپن ئەی ئای رایگەیاند، بەکارهێنەران دەتوانن سوودمەند بن لە بەشداریکردنی مانگانەی وێبگەڕەکە کە بە پشتبەستن بە گفتوگۆکانت لەگەڵ چات جی پی تی، خۆی سەربەخۆیانە گەڕانەکانت بۆ ئەنجام دەدات.

چاودێری چالاکیەکانت دەکات

وێبگەڕەکەی ئۆپن ئەی ئای، زۆر زیاتر چاودێریی چالاکیەکانت دەکات بەراورد بە گوگڵ کرۆم، تەنها ئەو ماڵپەڕانە تۆمار ناکات کە سەردانیان دەکەیت، بەڵکو کارلێکەکانت لەو ماڵپەڕانەش کۆدەکاتەوە و هەڵیاندەگرێت، تەنانەت دەتوانێت کۆنتڕۆڵی ماوسەکەت بکات و لە جیاتی تۆ گەڕان بەناو ئینتەرنێتدا بکات، کە کۆکردنەوەی ئەم هەموو داتایە لای بەشێک لە شارەزایان بووەتە جێگەی سەرنج.