شەممە 40 کۆچبەر لە لیبیاوە دەگەڕێنرێنەوە هەولێر
ڕۆژى شەممەى داهاتوو 40 کۆچبەرى هەرێمى کوردستان لە لیبیاوە دەگەڕێنرێنەوە، ڕێکارەکانیش بۆ هێنانەوەى تەرمى ئەو کۆچبەرەى کۆچى دوایی کردووە دەستیانپێکردووە.
رێکارەکانی گەڕانەوەیان تەواو بووە
ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەرى باڵیۆزخانەى عێراق لە لیبیا بە کەناڵ8ـى رایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ گەڕاندنەوەى 40 کۆچبەرى هەرێمى کوردستان تەواوکردووە و ڕۆژى شەممە لە ڕێگەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەگەنەوە هەرێمى کوردستان.
رێکاری بەپەلەش دەستپێکراوە بۆ گێرانەوەی تەرمی کۆچبەرێکی کورد
گوتیشى "باڵیۆزخانەکەیان ڕێکارى بەپەلەى دەستپێکردووە بۆ گەڕاندنەوەى تەرمى هۆگر ئاسۆ ئەو کۆچبەرەى دوو ڕۆژ لەمەوبەر بە جەڵتەى دڵ لە ناوەندێکى دەستبەسەرکردن لە ناوچەى تاجوراى ڕۆژهەڵاتى تەرابلوسى پایتەختى لیبیا کۆچى دوایى کرد".
زیاتر لە سێ ساڵە کۆچبەری زۆری عێراقی روو لە لیبیا دەکەن
ئەحمەد سەحاف ئاماژەى بەوەشکرد، ماوەى ساڵ و نیوێکە کۆچبەرێکى زۆرى عێراقى ڕوو لە لیبیا دەکەن، کە زۆرینەیان خەڵکى هەرێمى کوردستان و بەدیاریکراوى دانیشتووى شارى ڕانیەن.
تا ئیستا 120 کۆچبەر گەڕێنراونەتەوە
ئاشکراشیکرد، لەماوەى ساڵ و نیوى رابردوودا 120 کۆچبەر لە لیبیاوە گەڕێنراونەتەوە، بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆ و دەزگاى بەرەنگاربوونەوەى کۆچى نایاسایی لە ناوچەى تاجوراى ڕۆژهەڵاتى لیبیا، بەدواداچوون بۆ هەر زانیارییەک دەکەن لەبارەى بوونى کۆچبەرانى عێراقى و کار بۆ دۆزینەوەیان دەکەن.
23/10/2025