ڕێڕەوی ئاویی کۆچبەران لە لیبیا؛ گەڕانەوەی ڕاستەوخۆ نییە

ژمارەیەک کۆچبەری گیرخواردوو لە لیبیا
ژمارەیەک کۆچبەری گیرخواردوو لە لیبیا

ڕێگەی ئاویی سەرەکیی کۆچبەران لە لیبیا، ڕێگەی مەترسیداری دەریای ناوەڕاستە، کە قاچاخچییەکان بەلەم و یەختە بچووکەکان پڕ دەکەن لە کۆچبەر و بەرەو ئەورووپا بەڕێیان دەکەن.

ڕێگەی دەریای ناوەڕاست

ئەم ڕێگە دەریاییە قاچاخە، بە مەترسیدارترین ڕێڕەوی کۆچکردن دادەنرێت لە جیهاندا. بەلەم و یەختە قاچاخەکان لە کەناراوەکانی لیبیاوە بەڕێدەکەون، زۆربەی جاریش بۆ دوورکەوتنەوە لە چاودێری لە شەودا بەڕێیان دەکەن، ئەمەش وا دەکات کەشتییە فریاگوزارییەکان نەتوانن لە کاتی پەککەوتنی بەلەمەکاندا بە ئاسانی بیاندۆزنەوە و ڕزگاریان بکەن.

کەناراوەکانی ڕۆژئاوا لە نزیک تەڕابلوس

ناوچە سەرەکییەکانی بەڕێکردنى بەلەمە قاچاخەکان، لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوان لە نزیک تەڕابلوس، کە زۆرینەیان لە کەناراوەکانی "زووارە و سەبراتا و زاوییە"ـەوە بەڕێدەکرێن و ئەم ناوچانە بە دەست حکومەتی یەکێتیی نیشتمانی لیبیاوەیە، کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دانی پێدانراوە و کۆچبەران زیاتر بە فڕۆکە دەچنە تەڕابلوس و لەوێوە قاچاخچییەکان بەرەو کەناراوەکان بەڕێیاندەکەن.

ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا؛ دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان

بەڵام لەمدواییانەدا ڕێڕەوی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا، کە گرووپە چەکدارەکانی لیبیا تێیدا دەسەڵاتداران، بووەتە ڕێرەوێکی مەترسیدار بۆ بەلەمە قاچاخەکان.

لەبەر ئەوەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا هاوسنوورن بە وڵاتی میسڕەوە، کۆچبەرەکان لە میسڕەوە بە ڕێگەی قاچاخ دەپەڕێندرێنەوە بۆ لیبیا و لەوێوە دەبرێنە ناوچە کەناراوەکان، کە هەر سێ شاری بەندەریی، تەبڕەق، دیرنە خۆدەگرێت، کە لە شاری کوفراوە بەڕێدەکرێن بۆ ئەو ناوچە کەناراوییانە و لەوێوە بۆ یۆنان یان ئیتاڵیا، کە نزیکترین ناوچەی ئاویی ئەورووپا لە کەناراوەکانی یۆنانەوە دوورگەی کرێتای یۆنان و کەناراوەکانی یۆنان و ئیتاڵیان.

سەرەکیترینیان کەناراوەکانی تۆبروکە، کە نزیکە لە سنووری میسڕ و بووەتە خاڵی سەرەکی پەڕینەوە دەریاییە قاچاخەکان لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا.

ڕزگارکردنی کۆچبەران

ئۆپراسیۆنەکانی ڕزگارکردنی مرۆیی لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومییەکان و دەزگا نێودەوڵەتییەکانی وەکو نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتییەوە لە دەریای ناوەڕاست بەڕێوەدەبرێن، بەڵام ئەم ڕێکخراوانە لە لیبیا ڕووبەڕووی ئاستەنگی یاسایی و سیاسی دەبنەوە، بەتایبەت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان، کە ئەو گرووپانە نافەرمین و نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکان دەستیان بە ناوچەکانیان ناگات و ناتوانن چالاکییەکانیان لەو ناوچانە بەڕێوەببەن.

کۆچبەران ناتوانن ڕاستەوخۆ لە لیبیاوە بگەڕێنەوە

گرفتی سەرەکیش لە کاتی گەڕاندنەوەی کۆچبەراندا بۆ وڵاتانی خۆیان دەردەکەون، چونکە لیبیا ڕاستەوخۆ کۆچبەرەکان ناداتەوە بە وڵاتەکان، بەتایبەتیش عێراق و هەرێمی کوردستان، لەبەرئەوە پێویستە ئەو کۆچبەرانە ببرێنە وڵاتێکی دیکەی وەکو تورکیا، قەتەڕ، ئوردن و لەوێوە دیپۆرت بکرێنەوە، بەمەش ماوەیەکی زۆر لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا، لە بارودۆخێکی ناتەندروست و خراپدا دەمێننەوە، کە ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان دەستیان بە سەرجەم ئەو ناوەندانە ناگات.