2 گەورە مافیای سویدی لە عێراق دەستگیرکران؛ یەکێکیان ڕادەستکراوەتەوە
تەلەڤزیۆنی فەرمیی سوید ڕایگەیاند، دوو گەورە مافیای داواکراو لەلایەن وڵاتەکەیەوە لە عێراق دەستگیرکراون و یەکێکیان ڕادەست کراوەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت ئەوی دیکەش ڕادەست بکرێتەوە، ئەمەش لەچوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەدا دێت، کە لە ماوەی ڕابردوودا لە نێوان عێراق و سوید ئەنجامدرا، بۆ ڕێگریکردن لە تاوانە ڕێکخراوەکان و کۆچبەری نایاسایی و بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان.
یەکێکیان نزیکە لە ڕەوا مەجید ناسراو بە "ڕێویی کورد"
بەگوێرەی تەلەڤزیۆنی فەرمیی سوید 'ئێس ڤی تی'، یەکێک لەو تۆمەتبارانە تەمەنی 30 ساڵە و کەسێکی نزیکە لە "ڕەوا مەجید"، کە بە "ڕێویی کورد" ناسراوە، ئەوی دیکەشیان تەمەنی 25 ساڵە و دەستەچەپی مافیای ناسراوی سویدی "مایکڵ یۆنانی"یە، کە لە باوکێکی یۆنانی و دایکێکی سویدییە، هەردووکیان تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوانەکانی کوشتن، بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان و چەک.
"گرووپی مافیایی فۆکس تروت"
بە گوێرەی 'ئێس ڤی تی'، ئەو کەسە ڕادەستی سوید کراوەتەوە، سەر بە گرووپی مافیای "فۆکس تروت"ە کە لەلایەن مافیای نێودەوڵەتی "ڕەوا مەجید"ەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، کە هاوڵاتییەکی کوردە و خاوەنی ڕەگەزنامەی سویدییە، دوای ڕادەستکردنەوەی لە لایەن پۆلیسی سویدەوە لە فڕۆکەخانەی "ئەرلەندا" دەستگیرکراوە، کەسەکە تۆمەتبارە بە بەشداریکردن لە شەڕ و کوشتارێکی گەورە، کە ئەو گرووپە مافیاییە لەگەڵ گرووپێکی دیکەی مافیا لە شارۆچکەی سوندسڤاڵی باشووری سوید، لە ساڵی 2023 ڕوویدا و بەهۆیەوە چەندین کەس کوژران.
سوپاسی عێراق کراوە
لای خۆیەوە نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، ستیڤن هیکتۆر، جێگری فەرماندەی پۆلیسی سوید بە فەرمی سوپاسی عێراقی کردووە، بۆ ڕادەستکردنەوەی ئەو کەسە و دووپاتیانکردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە لە ئەنجامی هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتدا بەدەستهاتووە، کە دوای سەردانەکەی ئەمدواییەی عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق بۆ سوید بەدەستهاتووە.
هەماهەنگی بۆ ڕادەستکردنی کەسانی داواکراو
لەمدواییانەدا وەزارەتی ناوخۆ چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن و هەماهەنگیی لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و ئەوروپی واژۆ کرد، کە بە گوتەی وەزارەتەکە بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی چەندین تۆڕی تاوانکاری و ڕادەستکردنەوەی کەسانی داواکراوی نێودەوڵەتی بەو وڵاتانە.
25/10/2025