تەقینەوەیەک لە کێڵگەی زوبەیر-1 لە بەسرە ڕوویدا

هەوڵی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بۆ کۆنترۆڵی ئاگری تەقینەوەکەی کێڵگەی نەوتی زوبەیر-1 لە بەسرە
هەوڵی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بۆ کۆنترۆڵی ئاگری تەقینەوەکەی کێڵگەی نەوتی زوبەیر-1 لە بەسرە

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەهۆی تەقینەوەیەک لە کێڵگەی نەوتی زوبەیر-1 لە سنووری پارێزگای بەسرە، کارمەندێکی کۆمپانیای نەوتی بەسرە گیانی لەدەستدا و چوار کارمەندی دیکەش بریندار بوون.

وەزارەتی نەوت: هۆکارەکە دزەکردنی غاز بووە

وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کاتژمێر 9:15ـی بەیانی، بەهۆی دزەکردنی غاز لە یەکێک لە سیستەمەکانی کۆگای زوبەیر-1، ئاگرکەوتووەتەوە.

هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە

وەزارەتی نەوت ڕایگەیاند، "دەستبەجێ کارمەندانی سەلامەتی و ئاگرکوژێنەوە لە کەرتی نەوت و پارێزگای بەسرە گەیشتوونەتە شوێنەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و بەشێکی کۆنترۆڵکراوە."

قوربانییەکان

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوت، لە ڕووداوەکەدا کارمەندێک گیانی لەدەستداوە و چوار کارمەندی دیکەی کۆمپانیاکە بریندار بوون.

کوژاندنەوەی ئاگرەکە کاتی دەوێت

وەزارەتی نەوت جەختی کردەوە کە، "ئەو جۆرە ڕووداوانە پێویستی بە کات هەیە بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکە بە تەواوی" و بەڵێنیاندا دواتر ڕای گشتی لە پێشهاتەکان ئاگادار بکەنەوە.