عێراق پێنجەم لاوازترين وڵاتە بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا

گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی لەسەر ئاو و زەوی و ژینگەی عێراق دروستکردووە
گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی لەسەر ئاو و زەوی و ژینگەی عێراق دروستکردووە

سەردەمانێک بە عێراق دەوترا ميزۆپۆتاميا ياخود دۆڵی دوو ڕووبار، کە تيايدا شارستانيەت لەدايکبووە، کشتووکاڵ بوژاوەتەوە  و شارەکانی فراوان بوون، بەڵام ئێستا ئەو دوو ڕووبارەی لە دێرزەمانەوە فەرمانڕەوا و عێراقييەکان لە سايەيدا بەردەوامن لە ژيان، بەرەو وشکبوون دەچن و ئاستی ئاوەکەيان بۆ نزمترين ئاست دابەزيوە و کاری کشتووکاڵی لە هەندێک شوێن بەتەواوەتی پەکيکەوتووە.

عێراق پێنجەم لاوازترین وڵاتە بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا

بەگوێرەی شەشەم ڕاپۆرتی ئاسۆی ژینگەی جیهانی سەر بە پڕۆگرامی ژينگەی نەتەوەيەکگرتووەکان ،عێراق بووەتە یەکێک لە پێنج وڵاتی هەرە لاوازەکەی جیهان لە بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوادا.

هەروەها،بەگوێرەی ڕاگەيەندراوی وەزارەتى ژینگەی عێراق، گۆڕانى کەشوهەوا کاریگەرى گەورەى لەسەر وڵاتەکە بەجێهێشتووە، بەتايبەت لەسەر ئەو کەرتانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانى هاووڵاتيیانەوە هەیە.

گەرمبوونی بەرگە هەوای زەوی دەگاتە 3.5

بەگوێرەی پێشبینییەکان ساڵ بە ساڵ پلەکانی گەرما لە ناوچەکە ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن بەجۆرێک لە ساڵی 2007دا گەرمبوونی بەرگە هەوای زەوی 0.9 پلەى سەدی بووە، تاوەکو ساڵی 2100  دەگاتە 3.5 پلەى سەدى.

پلەکانی گەرما گەیشتووەتە 50 پلەی سەدی

 ئەوە مەترسیدارترین دۆخ دەبێت بۆ عێراقییەکان، چونکە ئێستا بەهۆى گۆڕانى کەشوهەواوە لە هەندێک لە ڕۆژەکانی هاوينەکانی ڕابردوودا پلەکانی گەرما گەيشتووەتە 50 پلەی سەدی.

خۆڵبارین دەگاتە 300 ڕۆژ لە ساڵێکدا

وەزارەتى ژینگە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەش و هەوا بووەتە هۆى زیادبوونى بە بیابابوون و سەرچاوەیەکى زۆرى خۆڵبارین لە ڕۆژەکانى ساڵدا، کە لە ئێستادا 272وە و پێشبينی دەکرێت تاوەکو 2050 بگاتە 300 ڕۆژ لە ساڵێکدا.

بەرزبوونەوەی ئامارەکانی شێرپەنجە

ئەوەش بووەتە هۆى زیادبوونى نەخۆشییەکانى تەنگەنەفەسى و رەبۆ  بەتایبەتی لەنێو منداڵان و بەساڵاچووان، جگە لەوەش بووەتە هۆى بەرزبوونەوەى ئامارەکانى شێرپەنجە.

کەمبوونەوەی ئاوی سەرچاوەکان

یەکێکى دیکە لە مەترسییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا لە عێراق بریتیيە لە کەمبوونەوەى ئاوى سەرچاوەکان، وەزارەتى ژینگە لەوبارەيەوە دەڵێت "رێژەى کەمبوونەوەى ئاوى دیجلە و فورات لە ساڵی 2011 رێژەى بەرچاوى تۆمارکردووە و بە بەراورد بە ساڵانى  2000 تا 2009، بەڕێژەی 37% کەميکردووە.

 پێشبینییەکانیش بەو ئاڕاستەيەن، رێژەى دابەزینى ئاوى ئەو دوو ڕووبارە تا ساڵى 2040 بۆ 2050 بگاتە لە 51%، ئەوەش بە داڕمانى کەرتى ئاو دادەنرێت.

 حکومەتی عێراق چووەتە ناو ڕێککەوتنی پاریس

لەگەڵ زيادبوونی بەرکەوتەکانی عێراق بە گۆڕانی کەشوهەوا، هەوڵەکان بۆ دۆزينەوەی ڕێگەچارەيەک بۆ ئەو پرسە چڕکراونەتەوە، لەو چوارچێوەيەدا ساڵی 2021 و دوای شەش ساڵ لە ڕێککەوتنی 195 وڵاتی جیهان بۆ ڕێگریکردن لە کاریگەرییە وێرانکارییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر مرۆڤایەتی کە ناسراوە بە رێککەوتنی پاریس، حکومەتی عێراقیش بەفەرمی چووە ناو رێککەوتنەکەوە و لەو چوارچێوەيەدا پابەندی ڕێکارەکان بێت.