باڵندەکەی سنووری گەرمیان ڕادەستی پۆلیس کرا و ئازادکرا
چیرۆکی باڵندە شاهینەکەی گەرمیان ئازادکرا و گەڕێندرایەوە ناو سرووشت، بەڵام هیچ گرەنتییەک نییە دووبارە ڕاو نەکرێتەوە.
ڕاوچییەکان ڕادەستی پۆلیسیان کردەوە
ئەو ڕراوچیانەی باڵندەکەیان ڕاوکردبوو، بە دەست و چاوبەستراوی باڵندەکەیان هێنا و ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی دارستانی گەرمیانیان کرد، ئەوانیش لە دەشت ئازادیان کرد.
"مۆڵەتی حکومەتی عێراقییان هەیە"
پەیامنێری کەناڵ8، گفتوگۆی لەگەڵ ڕاوچیەکە کردووە، باسی ئەوە دەکات، "ئەم باڵندەیەیان لە ناوچەی قەرەتەپە و جەبارە ڕاوکردووە، ئەو ناوچەیەش لە سنووری هەرێمی کوردستان نییە، ئەوان وەکو ڕاوچی لە حکومەتی عێراق مۆڵەتیان هەیە و ساڵانە دەیان باڵندەی لەو شێوەیە ڕاودەکەن".
باڵندەکە کۆچەرییە
ڕاوچییەکە دەڵێت، باڵندەکە کۆچەرییە و لە ڕووسیا و ئۆکرانیا و وڵاتانی دیکەوە دێتە هەرێمی کوردستان، ئەوانیش ڕاوی دەکەن و بە کڕیارانی سعودی و قەتەڕی و کوەیتی دەفرۆشن.
ڕاوچییەکە ڕەتیدەکاتەوە، نرخی یەک ملیۆن دۆلار بێت وەک باس دەکرێت و دەڵێت، نرخی ملیۆنێک دینارە.
ڕاوچیەکە دەشڵێت، باڵندەکە مافی خۆمانە و گرتوومانە، بەڵام ئەم هەڵایەمان لەسەر دروستکراوە.
باڵندەکە ناوی شاهینەیە لە هەندێک ناوچەی کوردستان پێی دەگوترێت "قوش"، ماوەی دوو هەفتەیە باسەکەی ترێندە و خەڵکی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە.
26/10/2025