بەکتریایەک پاشماوەی پلاستیک دەکات بە حەبی پاراسیتامۆڵ

گران جاف 27/10/2025

لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە، بەکتریایەک دەتوانێت پاشماوەی پلاستیک بگۆڕێت بۆ ئازارشکێنی ئەسیتامینۆفین.

توێژەران دەڵێن ئەم داهێنانە زانستییە وادەکات پاشماوەکانی پلاستیک بە شێوازێکی باش بەکاربهێنرێن.

بە شێوازێکی ئاسایی ئەم دەرمانە لە نەوت دروستدەکرێت، ئەم پیشەسازییەش چەندین گازی زیانبەخش دەردەداتە ناو هەوا و رۆڵی گەورەی هەیە لە گەرمکردنی زەوی.

ئەم گۆڕانکارییە لە شێوازی دروستکردنی پاراسیتامۆڵدا وادەکات ئەو رێژە زۆرەی پاشماوە پلاستیکییەکان کە هەوا و دەریاکانیان پیسکردووە، بەکاربهێنرێن و ئەم کاریگەرییە زۆر و نەرێنییە کەمبکەنەوە.

ئەو پلاستیکانەی دەکرێت لەم پیشەسازییەدا بەکاربهێنرێن بریتینلە پلاستیکە سوکەکان وەکو ئەو پلاستیکانەی دەبەی ئاو خواردنەوە و زەرفی خۆراکیان لێدروستدەکرێت.

تیمێک لە توێژەرانی زانکۆی ئیدنبرە بەکتریای ئیکۆلایان بەکارهێنا، ئەم بەکتریایە بێزیانە و لە تاقیگەدا چەند گۆڕانکارییەکیان تێدا کرد، پاشان بەکارهێنرا لە گۆڕینی پاشماوەی پلاستیکی بۆ ئازارشکێکی ئەسیتامینۆفین لەماوەی 24 کاتژمێردا.

ئەم تەکنیکە نوێیە لە پلەی گەرمیی ژووردا تاقیکرایەوە و دەرکەوت هیچ پاشماوەیەکی زیانبەخش ناکاتە ناو هەواوە و بە باشی و سەرکەوتووییش دەرمانەکەی لێدروستدەکرێت.

گران جاف

27/10/2025