ئەمریکییەک بەهۆی ژیریی دەستکردەوە شوێنی ژیانکردنی دەگۆڕێت

جولی نیس
جولی نیس

جولی نیس، هاوڵاتییەکی ئەمریکییە، بەهۆی چاتبۆتی ژیریی دەستکردی چات جی پی تییەوە، ئێستا لە شارۆچکەیەکی بچووکی فەڕەنسا، ئەو ژیانە دەژی کە چەندین ساڵە خەونی پێوە بینیوە.

ئامۆژگاریی چات جی پی تی

جولی لە ساڵی 2004ـەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە پاریس ژیاوە، دواتر گەڕاوەتەوە بۆ ئەمریکا و پیشەیەکی سەرکەوتووی هەبووە، بەڵام لەو ماوەیەدا تووشی شەکەتی و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی بووە، هەر بۆیە دەگەڕێتەوە بۆ پاریس، بەڵام لەوێش ئۆقرە ناگرێت، دواجار لە هەنگاوێکی گرنگی ژیانیدا بڕیاردەدات کە پشت بە ئامۆژگاری چات جی پی تی ببەستێت.

بەرەو شارۆچکەیەک لە فەڕەنسا

جولی باسی حاڵی خۆی بۆ چات جی پی تی دەکات و داوای لێدەکات شوێنێکی ئارامی بۆ دیاریبکات، چاتبۆتەکەش شارۆچکەیەکی مێژوویی بەناوی ئۆزیس لە فەڕەنسا بۆ دیاریدەکات، کاتێک دەگاتە جێگەکە زۆر بە دڵی دەبێت و دەڵێت "هەست دەکەم ئەم شارۆچکەیە ئەو شوێنەیە کە دەبێت بۆ هەتا هەتایە لێی بم"، ئێستا کەناڵێکی یوتیوب بەڕێوە دەبات و گەشتی گەشتیاری لە شارۆچکەکە ڕێکدەخات.