پێشبینییەکان: عێراق لە ساڵی 2026دا بێ یاسای بودجە دەبێت

هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە عێراق لە ساڵی 2026دا یاسای بودجەی نابێت، هۆکارەکەشی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و پرۆسەی درێژخایەنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەگەڕێتەوە، کە پێدەچێت چەندین مانگ بخایەنێت.

چارەسەری کاتی؛ پەیڕەوکردنی یاسای یەک لەسەر دوازدە

لە ئەگەری نەبوونی یاسای بودجەدا، پێشبینی دەکرێت حکومەتی عێراق پەنا بۆ یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ببات، کە ڕێگە دەدات مانگانە بڕی یەک لەسەر دوازدەی بودجەی ساڵی پێشوو (واتە بودجەی 2025) خەرج بکات. بودجەی 2025 بەم شێوەیەیە:

کۆی گشتی 211.8 :تریلیۆن دینار

خەرجیی بەکاربردن 156.8 :تریلیۆن دینار

خەرجیی وەبەرهێنان 55 :تریلیۆن دینار

کورتهێنان 64 :تریلیۆن دینار

مەترسییەکان؛ دابەزینی نرخی نەوت و قەرزە کەڵەکەبووەکان

پشتبەستن بە بودجەی 2025 چەندین مەترسیی لەخۆگرتووە، چونکە ئەو بودجەیە لەسەر بنەمای نرخی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت داڕێژراوە. هەر دابەزینێکی نرخی نەوت بۆ خوار 65 دۆلار، کورتهێنانەکە قووڵتر دەکاتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە عێراق نزیکەی 125 ملیار دۆلار قەرزارە و پێویستە پابەندی دانەوەی قەرزەکانی بێت.

کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان

پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2025دا 20.9 تریلیۆن دینارە، کە بەم شێوەیە دابەشکراوە:

بەکاربردن (مووچە و خەرجییەکان) 14.8 :تریلیۆن دینار

وەبەرهێنان (پڕۆژەکان) 4.9 :تریلیۆن دینار

دانەوەی قەرز 1.1 :تریلیۆن دینار

جێی باسە، بەغداد لە ساڵانی ڕابردووشدا بە تەواوی پابەندی ناردنی پشکی هەرێم نەبووە، ئەمەش نیگەرانییەکان زیاد دەکات لە ئەگەری کارکردن بە سیستمی یەک لەسەر دوازدە.

پێشینەی مێژوویی؛ عێراق سێ جار بێ بودجە بووە

ئەمە یەکەمجار نییە عێراق ڕووبەڕووی ئەم دۆخە دەبێتەوە. لە ماوەی نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2025، عێراق لە سێ ساڵدا (2014، 2020، و 2022) یاسای بودجەی نەبووە و بە سیستمی یەک لەسەر دوازدە کاروباری دارایی خۆی بەڕێوەبردووە.