قۆناغێکی دیکەی پێدانی زەوی بە ئەفسەر و پلەدارانی پێشمەرگە دەستپێدەکات
بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، میکانیزمی دابەشکردنی زەوی بەسەر پلەدار و پێشمەرگەی وەزارەتەکەیان، هاوشێوەی میکانیزمی دابەشکردنی زەوییە بەسەر مووچەخۆراندا.
ڕەچاوی ساڵانی خزمەت و خاڵبەندی کراوە
لیوا عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ کەناڵ8 گوتی؛ لە میکانیزمی دابەشکردنی زەویدا بۆ پلەدار و پێشمەرگە ڕەچاوی ساڵانی خزمەت و خاڵبەندیی کراوە و هەژمار کراوە بۆ پرۆسەکە.
زەوییەکان دەکەونە کوێ و کەی دابەش دەکرێن؟
لیوا عوسمان محەممەد، ڕوونیشیکردەوە، ئێستا کۆمەڵێک ناوی نوێ هاتووەتەوە بۆ زەویی وەرگرتن و ئەو بە "ژمارەیەک ناوی باش" وەسفیکرد و گوتی، ئەو ناوانە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی، بە جۆرێک، کە ژمارەیەک پلەدار و پێشمەرگە زەوییان بۆ دەرچووە، بەڵام شوێنەکانیان دیارینەکراوە و دەکەونە شارۆچکە و شارەدێیەکان، هیواشیخواست، پێش سەری ساڵ زەوییەکان وەربگیرێن و دابەشبکرێن.
ئەوە لەکاتێکدایە، ڕۆژی 28ـی ئەم مانگە، وەزارەتی پێشمەرگە قۆناغی دووەمی دابەشکردنی زەویی بۆ سودمەندبووانی پێشمەرگە لە هەولێر بڵاوکردەوە.
ناوەکان ڕەوانەی یەکە سەربازییەکان دەکرێن
بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی چۆنیەتیی ئاگادارکردنەوەی ئەو کەسانەی زەوییەکانیان بۆ دەرچووە، ئاماژەی بەوەکرد؛ لیستی ناوی سوودمەندانی پێشمەرگه لە دابەشکردنی زەوی بە نووسراوی فەرمی ڕەوانەی وەزارەتەکەیان دەکرێت و ناوەکان لەڕێگەی نوێنەرەکان بۆ یەکە سەربازییەکان ڕەوانە دەکرێنەوە.
باسی لەوەشکرد، ئەفسەر و پێشمەرگەکان دەتوانن بۆ بەدواداچوونی ناوەکانی خۆیان، سەردانی یەکەکانی خۆیان بکەن بۆ دڵنیابوونەوە، یاخود سەردانی لیژنەی وەرگرتنی زەویی وەزارەتی پێشمەرگە بکەن لە کاتی هەبوونی هەر گیروگرفتێک.
29/10/2025