293 کەس بە تۆمەتى بەعسیبوون لە بەربژێرى دوورخراونەتەوە

 باڵەخانەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
باڵەخانەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

تۆمەتى بەعسیبوون بەرۆکى بەشێک لە بەربژێرانى گرتووە و بەو هۆیەوە نزیکەى 300 کەس لە بەربژێرى دوورخراونەتەوە، کۆمیسیۆن دەڵێت ئەو بابەتە پەیوەندى بەوانەوە نییە. هاوکات هۆشدارى و فشاریش لە سەرکردەکانى ناو ماڵى شیعییەوە دەبینرێت.

دەستەى لێپرسینەوە و دادپەروەریی  یەکێکە لە فلتەرەکان

بە گوێرەى ڕێکار و ڕێنماییەکانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان، بەربژێرانى پێشکەشکراو لەلایەن حیزب و هاوپەیمانێتییەکانەوە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەران، بە چەندین فتلەردا دەڕۆن تاوەکو ناوەکانیان پەسەند دەکرێن، یەکێک لەو فلتەرانەش دەستەى لێپرسینەوە و دادپەروەرییە کە تایبەتە بە ڕێشەکێشکردنى بەعس.

بەگوێرەى دوایین ئامارى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان لە کۆى 843 بەربژێرى دوورخراوە لە پرۆسەى هەڵبژاردن 293 بەربژێریان بەهۆى یاساى لێپرسینەوە و دادپەروەرى بووە.

کۆمیسیۆن: ئەوان تەنها ناوەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە

عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى ڕاگەیاندنى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان، لە وەڵامى پرسیارێکى کەناڵ8 لەبارەى زۆرى ڕێژەى بەربژێرانى دوورخراوە بەهۆى یاساى لێپرسینەوە و دادپەروەرى گوتى "وەکو کۆمیسیۆن پەیوەندییان بە بابەتەکەوە نییە و ئەوان تەنیا ناوەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە کە چەند کەس بەر یاساکە کەوتوون یاخود نا".

گەڕانەوەی بەعسییەکان یەکیکە لە مژارەکانی شەقامی عێراقی

جیاواز لە هەڵبژاردنەکانى ڕابردوو، لە هەڵبژاردنى ئەمجارەى ئەنجوومەنى نوێنەران، پرسى گەڕانەوەى بەعسییەکان بۆ ناو پرۆسەى سیاسى لە عێراق یەکێک لە مژارەکانى شەقامى سیاسى عێراق، هێزە سیاسییەکانى شیعە، لە چەندین بۆنەدا جەختیانکردووەتەوە لە جێبەجێکردنى یاساى لێپرسینەوە و دادپەروەرى بۆ ڕێگرى لە گەڕانەوەى بەعسییەکان.

لێدوانی لێپرسراوانی سیاسی

نورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیی دەوڵەتى یاسا لە چەند رۆژى ڕابردوودا ڕایگەیاند، بەگوێرەى دەقى ماددەى حەوت لە دەستوورى عێراق حیزبى بەعس قەدەغەکراوە، لەو ڕوانگەی دەستووریشەوە، دەستەى لێپرسینەوە و دادپەروەرى دامەزراوە، وەک لایەنێکى تایبەتمەند بۆ ئاشکراکردنى بەعسییەکان و کۆکردنەوەى بەڵگە لەسەر لایەندارى و گرتنەبەرى ڕێکارى یاسایی لەدژیان.

بەر لە مالیکى، قەیس خەزعەلى سەرۆکى عەسائیبى ئەهلى حەق، هۆشدارى لە هەوڵى گەڕانەوەى بەعسییەکان بۆ سیستەمى حکومڕانى لە عێراق دابوو.

ياساى لێپرسینەوەو دادپەروەرى لە ساڵى 2008 پەسەندکراوە و لە 30 ماددە پێکهاتووە، ئامانج لە یاساکە ڕیشەکێشکردنى حیزبى بەعس و پاککردنەوەى کۆمەڵگەى عێراقى و دامەزراوەکانى دەوڵەتە لە ڕێکخستنەکانى ئەو حیزبە.