چین چوار مشک دەنێرێتە بۆشایی ئاسمان؛ توێژینەوەیان لەسەر دەکرێت
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی چین ڕايگەياند، ڕۆژی هەينی تيمێکی سێ کەسی دەنێرێتە وێستگەی تيانگۆنگی بۆشایی ئاسمان، لەگەڵ تيمەکەشدا چوار مشک دەنێرێت، بەمەبەستی ئەنجامدانی توێژينەوەی زانستی و ماوەی شەش مانگ دەمێننەوە.
3 کەشیتوان و 4 مشک
ژانگ جینگبۆ، گوتەبێژی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی چین لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانيدا ڕايگەياند، ڕۆژی هەينی تيمی شينژۆ21 لە سێ کەشتيوان و چوار مشک پێکدێن، لە سەنتەری هەڵدانی مانگە دەستکردەکانی جيکوان لە باکووری ڕۆژئاوای چينەوە، دەنێردرێنە بۆشایی ئاسمان.
کاتی دەستپێکردنی گەشتەکە
بريارە گەشتەکە کاتژمێر 6:44 خولەکی ئێوارەی ڕۆژی هەينی بە کاتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات.
گەنجترین کەشتیوانی چین
تيمی شينژۆ21 پێکدێن لە تایکۆناتس ژانگ لو، وو فی و ژانگ هۆنگژانگ، وو فی ئەندازيارە و تەمەنی 32 ساڵە و ئەگەر گەشتەکە ئەنجامبدات، دەبێتە گەنجترين کەشتيوانی وڵاتەکە کە چووبێتە بۆشایی ئاسمان.
مشکەکان دوو نیر و دوو مێن
ژانگ دەڵێت، مشکەکان کە دوو نێر و دوو مێن، لە بۆشایی ئاسماندا بەخێو دەکرێن، توێژینەوەکەش تیشک دەخاتە سەر پشکنینی کاریگەرییەکانی کەشی بۆشایی ئاسمان لەسەر هەڵسوکەوتی ئەو ئاژەڵانە، دواتر لە ڕێگەی کەشتييەکی زانستييەوە دەگەڕێندرێنەوە سەر زەوی و لێکۆڵينەوەی زياتريان لێدەکرێت.
یەکەمجارە چین ئەو کارە دەکات
ئەو کەشتیوانە گوتيشی، "ئەمە یەکەمجارە چین تاقیکردنەوەیەکی زانستی لەوجۆرە ئەنجام بدات کە تيايدا شیردەرەکان دەبرێنە بۆشایی ئاسمان، مشکەکان دوای ئەوەی لەڕووی تەندروستی و هزرييەوە، زياتر لە 60 رۆژ لە ژێر چاودێريدا بوون، ڕەوانە دەکرێن".
پێشتر تاقیگەی بۆشایی ئاسمانیی چین، توێژينەوەی لەسەر گيانلەبەرەکانی وەک ماسی زێبرا و مێشوولەی ميوە لە بۆشایی ئاسماندا ئەنجامداوە، ئەمجارەیان نۆرەى مشکە و گەشتێکیش بە مشکەکان دەکەن.
پێشکەوتنی خێرایی بەرنامەی بۆشایی ئاسمانیی چین
وو فی، وەک گەنجترین کەشتیوانی تیمەکە لەبارەی گەشتەکەیانەوە گوتی، "وەک گەنجترین کەشتیوانی تیمەکە، هەست بە بەختەوەرییەکی بێئەندازە دەکەم، کە یەکەم ئەرکی بۆشایی ئاسمانیم ئەنجامدەدەم، ئەم دەرفەتە ڕەنگدانەوەی پێشکەوتنی خێرای بەرنامەی بۆشایی ئاسمانیی چینە، کە دەرفەتی زیاتر بە نەوە گەنجەکان دەدات، هەروەها هەزاران توێژەر کە بە هەوڵەکانیان ڕێگەيان بۆ خەونەکانمان خۆشکردووە، من باوەڕم وایە کاری قورس بەختت دێنێتەڕێ، گەشتەکە گەورەترین بەختی منە و پابەندم بە بەخشینی هەموو توانام بۆ ئەم هەوڵە".
31/10/2025